فێرخوازانی زانکۆی جیهان-هەولێر لە چیک ئاشنای ستانداردە نێودەوڵەتییەکانی سەلامەتیی تاقیگە دەبن
لە سێیەم ڕۆژی خولی زانستیی تایبەت بە (سەلامەتیی پیشەیی و هۆشیاریی ژینگەیی)، کە لە زانکۆی “پالاچکی” لە شاری ئۆلۆمۆتسی کۆماری چیک بەڕێوەدەچێ، ڕۆژى سێ شەممە ڕێکەوتی (4/2/ 2026) فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر ئاشنای ستانداردە نێودەوڵەتییەکانی سەلامەتیی تاقیگەیی کران.
بەرنامەی ڕۆژی سێیەم بە پێشکەشکردنێکی بابەتێکى زانستی لەلایەن کۆمپانیای پسپۆڕی (Chromservis) دەستیپێکرد، کە تێیدا بە وردی تیشک خرایە سەر جێبەجێکردنی کاراکان و پەیڕەوکردنی ڕێساکانی تەندروستی، سەلامەتی و ژینگە (HSE) لە تاقیگە ئەندازیاری و زانستییەکاندا. پڕۆگرامی وانەکانی ئەم بابەتە کۆمەڵێک تەوەرەی پسپۆڕیی وردی لەخۆگرتبوو، لەوانە: پێشەکییەک لەسەر سیستمی (HSE) لە تاقیگەکاندا، پرەنسیپەکانی سەلامەتی گشتی، سەلامەتی کیمیایی و ڕێکارە ستانداردەکانی مامەڵەکردن لەگەڵ ماددە مەترسیدارەکاندا. هەروەها باس لە چۆنیەتی هەڵسەنگاندنی مەترسییەکان (Risk Assessment) و دۆزینەوەی ڕێگەکانی کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی لە ناو ژینگەی تاقیگەدا کرا، جگە لە تاووتوێکردنی سەلامەتی ئامێرەکان و پاراستنی دامەزراوە زانستییەکان.
فێرخوازانی زانکۆی جیهان-هەولێر، کە پێکهاتوون لە هەریەک لە (هاجر محەمەد عەلی و محەمەد نەریمان سەلمان) لە بەشی چارەسەری سروشتی، (مروان عارەب عومەر) لە بەشی تەکنیکی وێنەگرتنی تیشکی لەگەڵ (عەلی ماهر داود) لە بەشی شیکاریی کیمیایی پزیشکی بەشداریەکى کارای چالاکییەکانى ئەو ڕۆژەیان کرد، بەجۆرێک بەشێکى چالاکیەکان تەرخانکرا بۆ لایەنى مەیدانى، ئەوەش ڕۆڵێکی بەرچاوی لە بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاریی فێرخوازان و بەهێزکردنی پەیوەندی نێوان زانیارییە تیۆرییەکان و جێبەجێکردنی کردارەکی لە تاقیگە پێشکەوتووەکانی جیهان هەبوو.
دانیشتنەکان بە شێوازێکی ڕێکخراو و کارلێککارانە بەڕێوەچوون و جەختیان لەسەر لایەنە پراکتیکییەکانی دڵنیابوون لە ژینگەیەکی تاقیگەیی سەلامەت کردەوە، بە جۆرێک کە هاوتای ستانداردە نێودەوڵەتییەکان بێت.







