فێرخوازانی زانکۆی جیهان-هەولێر لە کۆماری چیک درێژەیان بە خولى سەلامەتیی پیشەیی لە شوێنی کار دا
ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی (3/2/ 2026)، دووەم ڕۆژی خولی زانستیی (سەلامەتیی پیشەیی و هۆشیاریی ژینگەیی) لە زانکۆی “پالاچکی” لە شاری ئۆلۆمۆتسی کۆماری چیک بەردەوام بوو.
لەو خولەدا، کە بە بەشداری فێرخوازانی زانکۆی جیهان-هەولێر (هاجر محەمەد عەلی و محەمەد نەریمان سەلمان) لە بەشی چارەسەری سروشتی، (مروان عارەب عومەر) لە بەشی تەکنیکی وێنەگرتنی تیشکی لەگەڵ (عەلی ماهر داود) لە بەشی شیکاریی کیمیایی پزیشکی بەڕێوەدەچێت، چەندین تەوەری زانستی و پراکتیکی گرنگ لەلایەن پسپۆڕان و شارەزاییانى بوارەکە تاووتوێ کران.
لە بەشی یەکەمی ڕۆژی دووەمدا، دکتۆرپاڤڵ سپیرۆڤ (Dr. Pavel Spirov) چەند بابەتێکى پسپۆڕیی لەبارەى بنەماکانی سەلامەتی لە شوێنی کار، ڕێگری لە ڕووداوە نەخوازراوەکان، سەلامەتی لە ئاگرکەوتنەوە و داڕشتنی پلانی چۆڵکردنی فریاگوزاری پێشکەش کرد. هاوکات دکتۆر دانیال شیمیتشیک(Dr. Daniel Šimiček) بابەتێکى لەبارەى چۆنیەتی مامەڵکردن و “بەڕێوەبردنی پاشماوەکان لە بواری ئەندازیاریدا” پێشکەش بە فێرخوازان کرد.
بەرنامەی ڕۆژی دووەم تەنیا لە وانەی تیۆریدا کورت نەبووەوە، بەڵکو گەشتێکی زانستی مەیدانی بۆ ناو دامەزراوەکانی زانکۆی “پالاچکی”یشى لەخۆگرت. لەو گەشتە زانستیە مەیدانیەدا فێرخوازان لە نزیکەوە ئاشنای تاقیگەکان، هۆڵەکانی خوێندن و ئەو سیستمە پێشکەوتووانەی سەلامەتی بوون کە لەو زانکۆیەدا پەیڕەو دەکرێن.
لەم چالاکییەدا جەخت لەسەر لایەنی پراکتیکی سەلامەتیی پیشەیی کرایەوە، لەوانە: شێوازی بەکارهێنانی کەرەستەکانی پاراستنی کەسی (PPE)، ناسینەوەی هێماکانی سەلامەتی و مامەڵەکردن لەگەڵ پاشماوەکان. لە میانەى بەڕێوەچوونى خولەکەشدا فێرخوازانی زانکۆی جیهان-هەولێر بەشدارییەکى کارایان کرد و، ئەزموون و کارامەییە پیشەییەکانیان زیاتر پەرەپێدا.








