فێرخوازانی پەرستاری تەندروستیی کۆمەڵ باس لە چۆنیەتى سوودوەرگرتن لە کات بۆ قوتابیانى ئامادەیی کوردستانی ئایندە دەکەن
ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٢/٢/ ٢٠٢٦، بەشی پەرستاری تەندروستیی کۆمەڵ لە زانکۆی جیهان-هەولێر، گەشتێکی زانستی و هۆشیاریی بۆ کۆمەڵێک لە فێرخوازانی قۆناغی دووەم لە قوتابخانەی “کوردستانی ئایندە”ی ئەهلی ڕێکخست.
لە سەرەتای گەشتەکەدا، شاندی زانکۆ لە لایەن (درەخشان فایەق مەحمود) بەڕێوەبەری قوتابخانەکە پێشوازییان لێکرا. پاشان سیمینارەکە لە لایەن هەریەک فێرخوازان (بیمان عومەران، زینە بێستون و شاد سەرکەوت) پێشکەش کرا، لە تەوەرەی یەکەمدا، فێرخواز (بیمان عومەران محەمەد) بابەتێکی بە ناونیشانی “ژیانی چالاک” پێشکەش کرد و تێیدا جەختی لەسەر بایەخی پەیڕەوکردنی شێوازێکی ژیانی بزوێنەر و کارلێکەر کردەوە و، ڕوونی کردەوە کە بەشداریی کارا دەرفەت بە تاک دەدات بڕیاری ژیرانە و بەرپرسانە لە ژیانیدا بدات، لە کاتێکدا سستی و بێدەنگی وا دەکات بارودۆخە دەرەکییەکان ئاڕاستەی ژیانی مرۆڤ دیاری بکەن.
لە تەوەرەی دووەمدا، فێرخواز (زینە بێستون حەسەن) بابەتێکی دەربارەی “سۆشیاڵ میدیا و کاریگەرییەکانی” پێشکەش کرد. تێیدا تیشکی خستە سەر ڕۆڵی پلاتفۆرمە کۆمەڵایەتییەکان لە کۆمەڵگەی هاوچەرخدا و ئاماژەی بەوە کرد کە پێویستە ئەم هۆکارانە وەک ئامرازێک بۆ پەیوەندی و فێربوون بەکاربهێنرێن، نەک ببنە هۆی کۆنترۆڵکردنی ڕەفتار و کاتی ڕۆژانەی تاک. هەروەها جەختی لەسەر پێویستیی سوودوەرگرتن لە لایەنە ئەرێنییەکان و دوورکەوتنەوە لە لێکەوتە نەرێنییەکانی سۆشیاڵ میدیا کردەوە.
تەوەرەی کۆتایی سیمینارەکە لە لایەن فێرخواز (شاد سەرکەوت محسین) بە ناونیشانی “بەدیهێنانی سەرکەوتن لە ژیانی ڕۆژانەدا” پێشکەش کرا، کە تیایدا ئاماژەی بەوە کرد کە هەر ڕۆژێک دەرفەتێکی نوێیە بۆ گەشەکردن و نابێت بەبێ دیاریکردنی ئامانج تێپەڕێت. هەروەها هانی قوتابیانی دا بۆ قۆستنەوەی دەرفەتە بچووکەکان و ڕوونی کردەوە کە بەردەوامبوون لە هەوڵدان و پلاندانانی ئامانجدار، دەبێتە هۆی بەدیهێنانی دەستکەوتی گەورە لە داهاتوودا.
لە کۆتایی سەردانەکەدا، بەڕێوەبەرایەتی قوتابخانەکە سوپاس و پێزانینی قووڵی خۆیان ئاراستەی فێرخوازانی زانکۆی جیهان-هەولێر کرد بۆ ئەم دەسپێشخەرییە بەنرخە و دەستخۆشییان لە کوالێتی بابەتەکان و شێوازی پێشکەشکردنەکە کرد.







