فێرخوازانی چارەسەری سروشتی بەسەردانێکى مەیدانى تەکنەلۆژیا پێشکەوتووەکانی ڕاهێنان لە سەنتەری (Physio Life) بەسەردەکەنەوە
ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی (١١ی شوباتی ٢٠٢٦)، فێرخوازانی قۆناغی دووەمی بەشی چارەسەری سروشتی لە زانکۆی جیهان-هەولێر، سەردانێکی زانستیی مەیدانییان بۆ سەنتەری “فیزیاو لایف ” ئەنجامدا.
ئەم چالاکییە بە سەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر (پەروین ئەسکەندەر) ڕێکخرا، شاندی زانکۆ لەلایەن پسپۆڕی چارەسەری سروشتی (ئاریان عەدنان عەلی) پێشوازییان لێکرا، کە تێیدا ڕوونکردنەوەیەکی تێروتەسەلی دەربارەی خزمەتگوزارییە کلینیکییەکانی سەنتەرەکە و شێوازەکانی ڕاهێنانەوەی فرە پسپۆڕی پێشکەش بە فێرخوازان کرد. پاشان فێرخوازان لە نزیکەوە ئاشنای بەکارهێنانی ئامێرە مۆدێرنەکان بوون، لەوانە: تەکنیکەکانی چارەسەری کارەبایی (TENS)، سیستمی ڕاهێنانەوە بە هاوکاری ڕۆبۆت، ئامێرەکانی چارەسەری موگناتیسی، شەپۆلە دەنگییەکان (Ultrasound)و، ئامێرەکانی ڕاکێشانی میکانیکی و شەپۆلی شۆک .
لە بەشێکی دیکەی سەردانەکەدا، شیکردنەوەی ورد بۆ میکانیزمە فیسیۆلۆژییەکانی هەر تەکنیکێک و کاتەکانی بەکارهێنان و ڕێگرییە پزیشکییەکان و بنەماکانی سەلامەتی پێشکەشى فێرخوازان کرا. هاوکات دەرفەت بە فێرخوازان درا بۆ ئاشنابوون بە چۆنیەتى دانانى پلانێکی چارەسەری تایبەت بۆ هەر نەخۆشێک.







