فێرخوازانی ژمێریاری لە گەشتێکی زانستی بۆ کارگەی “باکۆ” نزیکەوە ئاشنای سیستمی تێچووی پیشەسازی دەبن
ڕۆژی پێنجشەممە، ڕێکەوتی (١٥/١/٢٠٢٦)، فێرخوازانی قۆناغی دووەمی بەشی ژمێریاری لە زانکۆی جیهان–هەولێر، سەردانێکی مەیدانیی زانستییان بۆ کارگەی “باکۆ” لە شاری هەولێر ئەنجامدا، کە کارگەیەکی پسپۆڕە لە بەرهەمهێنانی کارتۆنی پاکەتکردنی خۆراک.
ئەم سەردانە بەسەرپەرشتی مامۆستا (ڕێبین بیلال محەممەد) بەڕێوەچوو. لە کاتی گەیشتنیاندا، لە لایەن (محەممەد هندەران قادر) بەڕێوەبەری کارگە، پێشوازییەکی گەرم لە فێرخوازان کرا. پاشان کورتەیەکی دەربارەی پێکهاتەی کارگێڕی و چالاکییەکانی کارگەکە پێشکەش بە فێرخوازان کرد و، تیشکی خستە سەر گرنگی ڕێکارە ژمێریاری و داراییەکان لە سەرکەوتنی پرۆسەی بەرهەمهێناندا.
لە میانەی سەردانەکەدا، بەشێوەیەکى مەیدانى فێرخوازانى بەشى ژمێریارى ئاشنای لایەنە پراکتیکییەکانی ژمێریاری لە ژینگەیەکی پیشەسازیدا بوون، لەوانە: سیستمی ژمێریاری تێچوو (Cost Accounting)، بەڕێوەبردنی کۆگا، شێوازەکانی نرخاندن، بودجە و ئامادەکردنی ڕاپۆرتە داراییەکان. ستافی ژمێریاری کارگەکە بە وردی ڕوونیان کردەوە کە چۆن تێچووی بەرهەمهێنان لە قۆناغە جیاوازەکاندا تۆمار دەکرێت و شیکردنەوەی بۆ دەکرێت؛ لە کاتی کڕینی کەرەستەی خاوەوە تا دەگاتە بەرهەمی کۆتایی، هەروەها چۆن زانیارییە ژمێریارییەکان وەک بنەمایەک بۆ بڕیارە کارگێڕییەکان بەکاردەهێنرێن.
جگە لەوەش، فێرخوازان زانیارییان دەربارەی ڕێکارەکانی چاودێری ناوخۆیی، بەڵگەنامە داراییەکان و ڕۆڵی گرنگی ژمێریار لە دابینکردنی شەفافیەت و وردکاری لە کارگەدا وەرگرت.
لە کۆتاییدا، مامۆستای سەرپەرشتیار سوپاسی بەڕێوەبەرایەتی و ستافی کارگەی “باکۆ”ی کرد بۆ ڕەخساندنی ئەم دەرفەتە و پێشکەشکردنی زانیارییە پیشەییە بەپێزەکانیان بە فێرخوازان.







