فێرخوازانی کۆلێژى پزیشکی ددان وۆرکشۆپی تەندروستی دەم و ددان بۆ منداڵان لە شاری هەولێر ئەنجام دەدەن
گرووپێک لە فێرخوازانی قۆناغی چوارەمی کۆلێژی پزیشکی ددان لە زانکۆی جیهان-هەولێر، وۆرکشۆپێکی پەروەردەیی و تەندروستییان بۆ منداڵان لە کتێبخانەی “سندباد” لە ناوەندی شاری هەولێر ڕێکخست.
ئەم وۆرکشۆپە کە ڕۆژی هەینی، ڕێکەوتی ٢٣/١/ ٢٠٢٦ بەڕێوەچوو، تیایدا فێرخوازان تیشکیان خستە سەر گرنگی پاراستنی تەندروستی دەم و ددان لای منداڵان لە ڕێگەی بەکارهێنانی شێوازە فێرکارییە کارلێککارانەکان (Interactive Learning)، هەر لە میانی چالاکییەکەدا، فێرخوازانی پزیشکی ددان نمایشی کردارییان (Practical Demonstration) بۆ تەکنیکە دروستەکانی بەکارهێنانی فڵچە و مەعجونی ددان پێشکەشى منداڵان کرد. هەروەها جەختیان لەسەر گرنگی شوشتنی ددانەکان کردەوە بە لایەنی کەمەوە دووجار لە ڕۆژێکدا، وەک بنەمایەکی سەرەکی بۆ پاراستنی پاکوخاوێنی دەم لە تەمەنێکی بچووکەوە.
لە تەوەرێکی دیکەی چالاکییەکەدا، فێرخوازان پشکنینی سەرەتایی (Initial Screening) بۆ ددان و پووکی منداڵە بەشداربووەکان ئەنجامدا، بە مەبەستی هەڵسەنگاندنی دۆخی گشتی تەندروستییان. لەم چوارچێوەیەدا، ڕێنمایی و ئامۆژگاری پزیشکیی تایبەت بە هەر منداڵێک ئاراستەی دایک و باوکان کرا، کە یارمەتیدەرێکی باش بوو بۆ تێگەیشتن لە کێشە باوەکانی وەک کلۆربوونی ددان و هەوکردنی پووک و چۆنیەتی ڕێگریکردن لێیان.
جگە لە لایەنە پزیشکییەکە، وۆرکشۆپەکە چەندین بابەتی گرنگی دەربارەی “خۆراکی تەندروست” لەخۆگرتبوو. فێرخوازانى کۆلێژى پزیشکى ددان باسیان لە کاریگەرییە خراپەکانی شەکر و شیرینی لەسەر ددان کرد و هانی منداڵانیان دا بۆ خواردنی ئەو خۆراکانەی دەبنە هۆی بەهێزبوونی پووک و ددانەکان. هەروەها جەخت کرایەوە لەسەر پێویستی سەردانی خولی و بەردەوامی پزیشکی ددان بۆ پاراستنی تەندروستییەکی درێژخایەن.
ئەم دەسپێشخەرییە زانستییەی فێرخوازانی زانکۆی جیهان-هەولێر، لە لایەن خێزانەکان و منداڵە بەشداربووەکانەوە بە گەرمی پێشوازی لێکرا. چالاکییەکە وەک هەنگاوێکی ئەرێنی و گرنگ لە قەڵەم درا بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری تەندروستی گشتی و بەهێزکردنی ڕۆڵی فێرخوازانی زانکۆ لە خزمەتکردنی ڕاستەوخۆی کۆمەڵگەدا.







