فێرخوازانی کۆلێژی دەرمانسازی چالاکیەکى پزیشکی و تاقیگەیی لە ئامادەیی هەولێر ئەنجام دەدەن
شاندێکی فێرخوازانی کۆلێژی دەرمانسازی لە زانکۆی جیهان-هەولێر، ڕۆژی پێنجشەممە (١٢ی شوباتی ٢٠٢٦)، سەردانى ئامادەیی هەولێریان کرد و، چالاکیەکى پزیشکیی گشتگیریان بۆ قوتابیانی پۆلی دوازدەیەم لەقوتابخانەکە بەڕێوەبرد.
ئەم چالاکییە بە سەرپەرشتی یاریدەدەری تاقیگە (ئایا قەیسەر) بەڕێوەچوو، سەرەتا فێرخوازان لەلایەن مامۆستا (سوها جەمال) ستافی قوتابخانەکەوە پێشوازییەکی گەرم لە شاندی زانکۆ کرا، پاشان بە هاوبەشی لە نێوان فێرخوازانی قۆناغی چوارەم هەریەک لە (یوسف عەلی، یوسف شەرحبێل، شانا کەریم) و فێرخوازی قۆناغی سێیەم (نسرین خالید) ناوەڕۆکى چالاکیەکە پێشکەشى قوتابیان کرا، بۆ ئەو مەبەستە سەرەتا لە سیمینارێکدا فێرخوازان تیشکیان خستە سەر دوو بابەتی زانستیی گرنگ کە بریتین لە “گرووپەکانی خوێن” و “پێوانەکردنی کیمیایی”، پاشان فێرخوازانی زانکۆ پشکنینی ڕاستەوخۆیان بۆ دیاریکردنی گرووپی خوێن بۆ ئەو قوتابیانە ئەنجامدا کە پێشتر ئاگاداری جۆری خوێنی خۆیان نەبوون، ئەمەش وایکرد قوتابیان بە شێوەیەکی پراکتیکی لە بنەما بایۆلۆژییەکانی جۆرەکانی خوێن تێبگەن.
جگە لە پشکنینی خوێن، شاندی فێرخوازان نمایشێکی زانستییان بۆ تەکنیکەکانی پێوانەکردنی کیمیایی پێشکەش کرد و تێیدا ئامێرە تاقیگەییەکان و ماددە کارلێککەرە پڕۆفیشناڵەکانیان بەکارهێنا. لەم بڕگەیەدا، ڕوونکردنەوەی ورد دەربارەی هاوکێشە کیمیاییە بنەڕەتییەکان درا، کە دەرفەتێکی زێڕین بوو بۆ قوتابیانی پۆلی دوازدەم تا ئەو بابەتانەی لە ناو پۆل بە تیۆری دەیخوێنن، بە شێوەیەکی پراکتیکی بیبینن.
سیمینارەکە بە پەرۆشی و بەشدارییەکی کارای قوتابیان کۆتایی هات، کە تێیدا دەستخۆشییان لە فێرخوازانی زانکۆی جیهان کرد بۆ گواستنەوەی ئەزموونە زانستییەکانیان بەو شێوازە سەرنجڕاکێشە.








