فێرخوازێكی بەشی ڕاگەیاندن تەكنەلۆژیای ژیریی دەستکرد بە قوتابیانی مەلافەندیی بنەڕەتی دەناسێنێت
ڕۆژی یەكشەممە 1-2-2026 فێرخوازێكی بەشی ڕاگەیاندن لە زانكۆی جیهان-هەولێر، بەسەرپەرشتیی مامۆستای یاریدەدەر (دڵان ئیسماعیل مەولود) سیمینارێكی دەربارەی تەكنەلۆژیای ژیریی دەستكرد بۆ فێرخوازانی قوتابخانەی مەلافەندیی بنەڕەتی لە هەولێر ئەنجام دا.
ئەڤین بەهجەت، فێرخوازی قۆناغی چوارەمی بەشی ڕاگەیاندن، سەردانی قوتابخانەی مەلافەندیی بنەڕەتی لە هەولێر كرد و، لەلایەن مامۆستا ئارام سەردار پێشوازیی لێ كرا. سیمینارەكە بریتی بوو لە باسكردن لە تەكنەلۆژیای ژیریی دەستکرد (AI) و چۆنییەتی بەکارهێنانی، هەروەها سوود و مەترسییەکانی ئەو تەكنەلۆژیایە.
لە بەشی یەکەمی سیمینارەکەدا، ئەڤین بەهجەت باسی چەمکی ژیریی دەستکردی کرد و تیشکی خستە سەر ئەوەی کە ئەم تەکنەلۆژیایە چۆن لاسایی ژیریی مرۆڤ دەکاتەوە لە ڕاپەڕاندنی کارەکان و شیکردنەوەی داتاکاندا. پاشان باسی چۆنییەتی بەکارهێنانی ئامڕازەکانی ژیریی دەستکردی کرد لە پڕۆسەی خوێندندا، بەتایبەت چۆن فێرخوازان دەتوانن بۆ گەڕان بەدوای زانیارییەکان و ڕێکخستنی کاتەکانیان سوودی لێ وەربگرن، ئەمەش لە ڕێگەی نیشاندانی چەند نموونەیەکی پراکتیکی لەو بەرنامانەی کە لە ژیانی ڕۆژانەدا بەکاردێن.
دواتر تیشکی خستە سەر سوودەکانی ئەم تەکنەلۆژیایە، لەوانە: خێراکردنی پڕۆسەی فێربوون، دۆزینەوەی سەرچاوەی زانستی جۆراوجۆر و، پەرەپێدانی کارامەییەکانی داهێنان لای فێرخوازان، کە یارمەتیدەرێکی بەهێزن بۆ پێشکەوتنی ئاستی زانستیی قوتابخانەکان.
لە کۆتاییدا، ئهڤین بههجەت هۆشداریی دا لە مەترسییەکانی بەکارهێنانی نادرووستی ئەم تەکنەلۆژیایە، وەک پشتپەستنی تەواو بە ژیریی دەستکرد و لاوازبوونی توانای بیرکردنەوەی سەربەخۆ، هەروەها جەختی لە گرنگیی پاراستنی تایبەتمەندی و زانیارییە کەسییەکان کردەوە لە جیهانی دیجیتاڵیدا.
مامۆستا و ستافی قوتابخانەی مەلامەفەندیی بنەڕەتیی، سوپاسی ئەڤین بەهجەت و بەشی ڕاگەیاندنیان كرد بەرامبەر ئەو دەستپێشخەرییە بۆ هۆشیاركردنەوەی قوتابیان دەربارەی تەكنەلۆژیای نوێ، هیوایان خواست ئەم هەوڵە گرنگانە بەردەوامییان هەبێت، لەپێناو پێگەیاندنی نەوەیەكی هۆشیار بە تەكنەلۆژیای سەردەم.







