فێرخوازێكی بەشی ڕاگەیاندن لە قوتابخانەیەكی شەبەنگی ئێواران باس لە بەکارهێنانی سۆشیاڵ میدیا دەكات
فێرخوازێكی بەشی ڕاگەیاندن لە زانكۆی جیهان-هەولێر، ڕۆژی دووشەممە 2-2-2026 بەسەرپەرشتیی مامۆستای یاریدەدەر (دڵان ئیسماعیل مەولود)، سیمینارێكی دەربارەی چۆنییەتی بەکارهێنانی سۆشیاڵ میدیا بۆ قوتابیانی شەبەنگی ئێوارانی کچان پێشکەش کرد.
ناوەڕۆكی سیمینارەكە لەلایەن فێرخوازی قۆناغی چوارەم لە بەشی ڕاگەیاندن، نەجیبە عەبدولغەفوور پێشكەش كرا. لە بەشی یەكەمی سیمینارەکەدا، نەجیبە عەبدولغەفوور تیشکی خستە سەر دیاردەی “ئالوودەبوون بە سۆشیاڵ میدیا” و کاریگەرییە دەروونی و کۆمەڵایەتییەکانی لەسەر گەنجان، بەتایبەت لە ڕووی بەفیڕۆدانی کات و دوورکەوتنەوە لە خوێندن. ئاماژەی بەوەش کرد کە پێویستە فێرخوازان کاتەکانیان ڕێکبخەن و بزانن چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو لێشاوی زانیارییەدا دەکەن کە ڕۆژانە ڕووبەڕوویان دەبێتەوە.
هەروەها باسی لە “ئاسایشی دیجیتاڵی” کرد و چەند ڕێگەیەکی كرداریی بۆ قوتابیان ڕوون کردەوە تا بتوانن هەژمارەكانیان لە هاککردن و سیخوڕیی بپارێزن، جەختیشی لەوە کردەوە کە نابێت متمانە بە هەموو ئەو لینک و پەیامە نەناسراوانە بکرێت کە لە ڕێگەی نامەی تایبەتەوە بۆیان دەنێردرێت.
لە كۆتایی سیمینارەكەدا، بەڕێوەبەری قوتابخانە، ئاواز بورهان، دەستخۆشیی و سوپاسی ئاڕاستەی فێرخواز نەجیبە عەبدولغەفوور کرد بۆ پێشکەشکردنی ئەم سیمینارە گرنگە و، هۆشیاركردنەوەی فێرخوازان دەربارەی مەترسییە هەنووكەییەكانی سۆشیال میدیا.






