فێرخوازێكی بەشی ڕاگەیاندن هۆشیاریی دەربارەی مەترسییەکانی سۆشیاڵ میدیا بۆ قوتابیانى قوتابخانەیەك دەخاتە ڕوو
ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی 28-1-2026 بەسەرپەرتشی مامۆستای یاریدەدەر (دڵان ئیسماعیل مەولود)، فێرخوازێكی قۆناغی سێهەمی بەشی ڕاگەیاند لە زانكۆی جیهان-هەولێر، سیمینارێی بەناونیشانی (ڕۆڵی نەرێنیی گرووپەکانی سۆشیاڵ میدیا) لە قوتابخانەی هەرمانی بنەڕەتی کچان لە هەولێر پێشكەش كرد.
ماردین موحەممەد، فێرخوازی قۆناغی سێیەمی بەشی ڕاگەیاندنە لە زانكۆی جیهان-هەولێر، بەمەبستی پێشكەشكردنی سیمینارێك بەناونیشانی (ڕۆڵی نەرێنیی گروپەکانی سۆشیاڵ میدیا) سەردانی قوتابخانەی (هەرمان)ـی بنەڕەتیی كچانی كرد و، لەلایەن (شیلان محیەددین) بەڕێوەبەری قوتابخانەکە پێشوازی لێکرا. بەڕێوەبەری قوتابخانەكە دەستخۆشیی ئاڕاستەی ئەو فێرخوازەی بەشی ڕاگەیاندن كرد لە بەرامبەر ئەو دەسپێشخەرییەی بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاریی قوتابیان.
ماردین موحەممەد باسی لە پێنج کاریگەری سەرەکیی نەرێنی گرووپەکانی سۆشیاڵ میدیا لەسەر قوتابیان کرد و ڕوونی کردەوە کە بەراوردکردنی خۆیان بە هاوڕێکان لە گرووپەکاندا، نیشاندانی ئەنجامەکان و سەرکەوتنەکان، هەستی خۆبەكەمزانین درووست دەکات. لە بەشی دووەمی سیمینارەکەدا، باسی لە زانیاری زۆر و ناڕێکخراو کرد، جەختی لەوە کردەوە کە ناردنی هەواڵی جۆراوجۆر و پرسیاری زۆر، هۆش و ئارامیی قوتابی تێکدەدات.
هەر لە سیمینارەكەدا، ماردین موحەممەد ئاماژەی بە فشاری ناڕەسمیی و قسەی نەرێنیی کرد، کە هەندێکجار وتەی توند، گاڵتەی ناخۆش یان پەیامە ترسێنەرەکان، کاریگەریی نەرێنیی لەسەر دەروون دادەنێن. لە بەشی کۆتایی سیمینارەکەدا، باسی لە درووستبوونی ترسی شکست کرد، جەختی لەوە کردەوە کە بینینی توانا و سەرکەوتنی ئەوانی دیكە لە سۆشیاڵ میدیا، ترسی شکست قووڵتر دەکات.
لە کۆتاییدا، بەڕێوەبەری قوتابخانەی هەرمانی بنەڕەتی کچان سوپاسی ئاڕاستەی فێرخواز (ماردین موحەمەد) کرد بۆ پێشکەشکردنی ئەو سیمینارە گرنگە، جەختیشی کردەوە لە بایەخی ئەنجامدانی ئەم جۆرە چالاکییانە بۆ قوتابیان.






