فێرخوازێکى بەشی بایۆمیدیکاڵ سەنتەری (إثراء)لە سعودیە بەسەر دەکاتەوە
لە چوارچێوەی بەشداریکردن لە کۆنفرانسی نێودەوڵەتی شەشەم و وۆرک شۆپ و پیشانگەی دەرمانسازی و ژەهرناسی (KSAPT)، کە بڕیارە لە ڕێکەوتى (٢٧ تا ٢٩/٢٠٢٥) لە ڕیازی پایتەختی شانشینی سعودیە بەڕێوە بچێت، سارا هاشم سوڵتان، فێرخوازى قۆناغی چوارەمی بەشی بایۆمیدیکاڵ لە زانکۆی جیهان – هەولێر، بەشداری لە گەشتێکی کەلتووریدا کرد بۆ سەنتەری جیهانیی ڕۆشنبیری شا عەبدولعەزیز (ئیثرا).
لە میانەى گەشتەکەیدا، کە ڕۆژی شەممە، ڕێکەوتى (٢٥ تا ٢٩/٢٠٢٥) بەڕێوەچوو، فێرخوازەکەى زانکۆى جیهان-هەولێر بەشەکانی مۆزەخانە و پیشانگە هونەر و نمایشە کارلێککەرە جیاوازەکانى سەنتەرەکەى بەسەرکردەوە و، لە نزیکەوە ئاشناى مێژووی دەوڵەمەندی شانشینی سعودیە و هونەر و داهێنانەکان و ئەزموون و ڕەهەندێکی کەلتووری و پەروەردەییەکانى وڵاتەکە بوو، هاوکات لەگەڵ کارە هونەرییە هاوچەرخەکان کە لە سەنتەرەکە نمایش کراوە و باس لە ناسنامە و داهاتووی ناوچەکە دەکەن؛ کتێبخانەیەکی مۆدێرن کە زیاتر لە نیو ملیۆن کتێب و سەرچاوەی زانستی و ڕۆشنبیری لەخۆدەگرێت بووە وێستگەیەکى دیکەى ئەو گەشتە زانستیەى فێرخوازەکەى زانکۆ جیهان-هەولێر.
بەشێکى دیکەى سەنتەرەکە تەرخانکراوە بۆ سینەما کە فیلمە دۆکیومێنتارییەکان، فیلمە هونەرییەکان و بەرهەمە کەلتوورییەکان نمایش دەکرێت، ئەوەش بۆ بڵاوکردنەوەی پەیامی هۆشیاری و خۆشەویستی هونەر، لەگەڵ هۆڵی گەورەی نمایش هونەری کە میوانداریی کۆنسێرتە مۆسیقییەکان، شانۆگەرییەکان و کۆنفرانسە نێودەوڵەتییەکان دەکات.
سەنتەری ئیثرا، کە دەکەوێتە زەهران لە ناوچەی ڕۆژهەڵات، یەکێکە لە دیارترین شوێنەوارە کەلتوورییەکانی شانشینی سعودیە و بە گەنجینەیەکی ڕاستەقینەی زانیاری و داهێنان دادەنرێت. ئەم سەنتەرە پێکدێت لە چەندین بەشی ناوازە کە هەریەکەیان دیمەنێکی جیاواز لە زانست و کەلتوور و هونەر پێشکەش دەکەن و بۆتە پلاتفۆرمێک بۆ فێربوون، توێژینەوە و داهێنان و پەیامێکی گەورەی ڕۆشنبیریش دەگەیەنێت.







