فێرخوازێکی بەشى ڕاگەیاندن لەسەر شاشەی “کوردستان 24” شیکردنەوە بۆ جامی سوپەری ئیسپانیا دەکات
ڕۆژی سێشەممە ڕێكەوتی 13-1-2026، فێرخوازێكی قۆناغی دووەمی بەشی ڕاگەیاندن لە زانكۆی جیهان-هەولێر، بەشداریی لە بەرنامەیەكی وەرزشیی تەلەڤزیۆنی كوردستان 24 كرد و تێیدا باسی لە ئەزموونی خۆی كرد لەمیانەی بەشداریكردنی لە یارییەكانی پاڵەوانێتیی جامی سوپەری ئیسپانیا لە وڵاتی سعوودیە.
ڕەهەند گۆران، کە تازە لە وڵاتی سعوودیە گەڕاوەتەوە دوای ئامادەبوونی لە یارییەکانی جامی سوپەری ئیسپانیا، لە میانی بەرنامەکەدا تیشکی خستە سەر ئەزموونی مەیدانی خۆی و ڕایگەیاند: “بینینی کلاسیکۆ و ڕووبەڕووبوونەوە گەورەکان لە نزیکەوە، ئەزموونێکی دەوڵەمەند و جیاواز بوو”. هەروەها ستایشی ئاستی بەرزی ڕێکخستنی پاڵەوانێتییەکەی لەلایەن وڵاتی سعوودیەوە کرد، کە وەک ئامادەکارییەک بۆ میوانداریکردنی مۆندیالی 2034 دەبینرێت.
لە بەشێکى دیکەی بەرنامەکەدا، ئەم فێرخوازەی بەشی ڕاگەیاندن بە دیدێکی وردی ڕۆژنامەوانییانە شیکردنەوەی بۆ یاری کۆتایی نێوان ڕیاڵ مەدرید و بەرشەلۆنە کرد، کە لە ڕێکەوتی (11/1/2026) بەڕێوەچوو. ڕەهەند گۆران باسى لە ڕکابەرییە توندەکانی هەردوو جەمسەرە ئیسپانییەکە کرد و، ئەو هۆکارە تەکنیکی و ئیدارییانەی شیکردەوە کە بوونە هۆی دوورخستنەوەی ڕاهێنەری یانەی ڕیاڵ مەدرید دوای شکستەکەی لە یاری کۆتاییدا.
ڕەهەند گۆران هاوتەریب لەگەڵ خوێندنە ئەکادیمییەکەی لە بە شى ڕاگەیاندنى زانکۆی جیهان-هەولێر، خولیایەکی زۆری بۆ بواری ڕۆژنامەگەریی وەرزشی هەیە و، هەوڵ دەدات لێهاتووییەکانی خۆی لەم بوارە تایبەتمەندەی ڕاگەیاندندا پەرەپێبدات، ئەمەش ڕەنگدانەوەی ئاستی پێگەیاندنی فێرخوازانە لە زانکۆکەدا بۆ تێکەڵبوون بە بازاڕی کار و کایە جیاوازەکانی میدیا.







