فێرخوازێکی بەشی نیوتریشن و دایەتێتیکس باسى لە خۆراکی تەندروست بۆ قوتابیانى ئامادەیی ژیار دەکات
ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٢/٢/ ٢٠٢٦، بە سەرپەرشتی سەرۆکایەتی بەشی نیوتریشن و دایەتێتیکس ، فێرخواز (ناز ئەحمەد) سەردانى ئامادەیی ژیارى کرد و بابەتێکى هۆشیاری بە ناونیشانی ” خۆراکی تەندروست ” پێشکەش بە قوتابیانى ئامادەیی “ژیار” کرد.
لە سەرەتای چالاکییەکەدا، مامۆستا (شەیدا شاکر) بە گەرمی پێشوازی لەم دەسپێشخەرییە کرد و جەختی لەسەر بایەخی بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاریی فێرخوازان بۆ پەیڕەوکردنی شێوازێکی تەندروستی ژیان کردەوە، دەستخۆشیشی لەو چالاکییە پەروەردەییانە کرد کە خزمەت بە ناوەندەکانى خوێندن دەکەن.
پاشان، ناز ئەحمەد بە وردی ناوەڕۆکى بابەتەکەى پێشکەش بە قوتابیان کرد و، سەرەتا چەمکی هۆشیاریی خۆراکی و چۆنیەتی جێبەجێکردنی لە ژیانی ڕۆژانەدا ڕوون کردەوە. ئینجا تیشکی خستە سەر بنەماکانی خۆراکی هاوسەنگ، لەوانە: هەڵبژاردنی جۆراوجۆری گرووپە خۆراکییەکان، تێگەیشتن لە قەبارەی ژەمەکان و سنووردارکردنی خواردنی شەکر، خوێ و چەورییە ناتەندروستەکان. هەروەها باسى لە هەڵە باوەکانی بواری خۆراک کرد و جەختی لەسەر گرنگیی خوێندنەوەی پێکهاتەی سەر کاڵا خۆراکییەکان (Nutrition Labels) کردەوە بۆ جیاکردنەوەی ڕێنماییە دروستەکان لە زانیارییە چەواشەکارەکان.
جگە لەمانە، فێرخواز ناز ئەحمەد کۆمەڵێک ستراتیژی سادە و پراکتیکی پێشکەش بە فێرخوازان کرد، وەک: پلانداڕشتن بۆ سووکە ژەمی (Snack) تەندروست لە ناو قوتابخانە، پاراستنی کاتی ژەمەکان و بایەخی خواردنەوەی ئاو و ئەنجامدانی چالاکیی جەستەیی وەک بەشێکی سەرەکی لە ڕۆتینی تەندروستی ڕۆژانە.
چالاکییەکە بە گفتوگۆیەکی کارلێکەر و وەڵامدانەوەی پرسیارەکان کۆتایی هات، کە تێیدا فێرخوازان دەرفەتیان بۆ ڕەخسا ڕاستەوخۆ کارلێک لەگەڵ پێشکەشکارەکە بکەن و ئەزموونەکانی خۆیان هاوبەش بکەن.






