لە ئاهەنگى خولى چواردەمینى دەرچوانى زانکۆى جیهان-هەولێر؛ بڕوانامەى بەکالۆریۆس بەخشرا بە (839) دەرچوو
پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر ڕایگەیاند: زانکۆى جیهان-هەولێر بایەخى زۆر بە بەرزکردنەوەى ئاستى زانستى و لێهاتویی فێرخوازانى دەدات، لەو چوارچێوەیەشدا لە سەرەتا ساڵى ئایندە چەند گروپی نوێی فێرخوازان ڕەوانەى زانکۆکانی شارقە و عەجمان لە ئیمارات و هەروەها زانکۆکانی پۆڵەندا دەکەین بۆ تەواوکردنى کۆرسێکى خوێندن لە زانکۆکانى ئەو وڵاتانە.
دەستپێکى ئاهەنگەکە
ئەو ڕاگەیاندنەى پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ ئێوارەى ڕۆژى سێ شەممە ڕێکەوتى (٣/١٢/٢٠٢٤) لە میانەى وتارێکیدا هات، کە لە ئاهەنگى دەرچوانى خولى چواردەمینى زانکۆى جیهان-هەولێر پێشکەشى کرد، لەو ئاهەنگەدا، کە بە ئامادەبونى عەبدوڵلاى حاجى مەحمود وەزیرى شەهیدان و کاروبارى ئەنفالکراوەکان و، دکتۆر بڵند دزەیی بەڕێوەبەرى گشتى ئەندازە و پڕۆژەکان و نوێنەرى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و، ئومێد خۆشناو پارێزگارى هەولێر و، ژمارەیەک لەسەرۆکى زانکۆکان و میوانان و، بۆردى دەستەى ئەمینداریەتى زانکۆکانى جیهان و، کەسوکارى دەرچوان بەڕێوەچوو، سەرەتا ئامادەبوان بەساتێک ڕاوەستان و وتنەوەى سرودى نیشتیمانى عێراقى و ئەى ڕەقیب؛ ڕێزیان لە شەهیدان نا، پاشان چەند ئایەتێک لە قورئانى پیرۆز خوێندرایەوە، دواتریش چەند وتارێک بەو بۆنەیەوە پێشکەش کران.
دەرچوان ئەزمون و زانستى نوێ فێربوون
لەو چوارچێوەیەدا؛ پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر وتارێکى پێشکەشکرد، لە وتارەکەیدا دواى بەخێرهێنانى میوانەکان و خێزان و کەسوکارى دەرچووانی ڕایگەیاند: لەم بۆنە پڕ شانازییەدا (839) کوڕ و کچى وڵاتەکەمان ،کە بە سەرکەوتوویی قۆناغەکانى خوێندنیان لە (23) پسپۆڕی زانستیدا تەواو کردووە و، بڕوانامەى بە کالۆریۆسیان پێ دەبەخشین، ئەوەش بەرهەمى ڕەنج و شەونخوینى ساڵانى خوێندنیانە، بۆیە ئەمە ڕۆژێکی پڕ شانازییە نەک تەنها بۆ دەرچووان، بەڵکو بۆ خێزانەکانیان، کە پشتیوانی و قوربانیدانەکانیان ڕۆڵی سەرەکی هەبووە بۆ گەیشتنیان بەم بۆنە مێژوییە، بۆیە سەرەتا پیرۆزبایی لە خێزان و کەس وکارتان دەکەم و دەستخۆشیان لێ دەکەم، ئینجا پیرۆزبایی ئەم ڕۆژە تایبەتە لە ئێوەى فێرخوازى دوێنێ و دەرچوى ئەمڕۆ و سەرکردەى ئایندە دەکەم، وتیشى دڵنیام بۆ هەمیشە شانازى بەوە دەکەن، کە ڕۆژانێک لە زانکۆى جیهان کاتەکانتان بە زانست و فێربوون بەسەربردوە و، لەلایەن ستافێکی ئەکادیمی بە ئەزموون و دڵسۆزەوە بە زانست و زانیارى مۆدێرن گۆشکران و، هەریەکتان بەپێى پسپۆڕییەکانتان دەتوانن ڕۆڵى کاریگەر لە خزمەتکردن و پەرەپێدانى کۆمەڵگە بگێڕن و، شوێن پەنجەتان لە ئاوەدانکردنەوەى کۆمەڵگە و پڕکردنەوەى پێداویستیەکان هەبێ.
زانکۆى جیهان-هەولێر کۆمەڵێک دەسکەوتى زانستى بەدیهێناوە
سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر بەشێکى دیکەى وتارەکەى تەرخانکرد بۆ دەسکەوتە زانستیەکانى زانکۆى جیهان-هەولێر و بۆ ئەوەش ڕایگەیاند: لە نوێترین ڕیزبەندى تایمزى بەریتانى (Times Higher Education ) بۆ خوێندنى باڵا لەسەر ئاستى زانکۆکانى جیهان بۆ پسپۆڕییەکان (Interdisciplinary Science Rankings 2025)، کە بەپشت بەستن بە (3) بنەماى سەرەکى و (11) پێوەر؛ ڕیزبەندى بۆ زانکۆکانى نەوەد و دوو وڵات لەسەر ئاستى وڵاتانى جیهان کردوە و، لە چەند ڕۆژى ڕابردودا بڵاوکرایەوە؛ زانکۆى جیهان-هەولێر لە ڕیزبەندى یەکەمى سەرجەم زانکۆ حکومى و تایبەتەکانى هەرێمى کوردستان هاتووە، هاوکات لەسەر ئاستى عێراقیش لە ڕیزبەندى دووەمى هەموو زانکۆ حکومى و تایبەتەکان هاتووە، هەروەک لەسەر ئاستى نێودەوڵەتیش لە ڕیزبەندى (251)دایە. ئەم دەستکەوتە بەڵگەی ماندووبوونی مامۆستایان و توێژەرانمانە، کە جەخت لە پەرەپێدانى تواناکان لەسەر ئاستى ئەکادیمی جیهانی دەکاتەوە، هەر لەبارەى دەسکەوتە زانستیەکانى زانکۆى جیهان-هەولێر، پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ وتى: زانکۆکەمان لە هەوڵى بەردەوامدایە بۆ بەرزکردنەوەى ئاستى زانستى فێرخوازان بۆ نموونە زانکۆکەمان (50) بۆ (75) فێرخوازى لە پسپۆڕییە جیاکان ڕەوانەى زانکۆ نێودەوڵەتیەکان کردوە بۆ تەواوکردنى کۆرسێکى خوێندن لەو وڵاتانە بەتایبەت لە زانکۆکانى پۆڵندا، لە ئێستاشدا دوو گروپ لە فێرخوازانمان لە زانکۆکانى ئەو وڵاتەن، جگە لەوەش؛ لە سەرەتا ساڵى ئایندە چەند گروپی نوێی فێرخوازان ڕەوانەى زانکۆکانی شارقە و عەجمان لە ئیمارات و هەروەها زانکۆکانی پۆڵەندا دەکەین. جگە لەوەش زانکۆى جیهان-هەولێر گرنگی زۆر بە دابینکردنی تاقیگەی زانستی پێشکەوتوو و ڕێکخستنی وۆرک شۆپ و کۆنفرانسی نێودەوڵەتی لە سەرجەم پسپۆڕییە جۆراوجۆرەکان دەدات بۆ بەهێزکردنی بناغەی ئەکادیمیمان و خزمەتکردن بە کۆمەڵگە و خستنەڕوى پێشنیازى زانستى بۆ چارەسەرکردنى کێشە و گرفتەکانى کۆمەڵگە، هاوکات ئەم کۆنفرانسە زانستیانە دڵنیای دەدەن کە فێرخوازان و مامۆستایانمان لە پێشەنگی داهێنان و زانیارییەکانى سەردەمن.
زانکۆى جیهان-هەولێر پڕۆژە و بەرنامەى زانستى نوێ جێبەجێ دەکات
تەوەرێکى دیکەى وتارەکەى پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ تایبەت بوو بە پڕۆژە و هەوڵە زانستیە نوێیەکانى زانکۆ بۆ ئەوەش وتى: نوێترین کارى زانکۆکەمان بریتیە لە جێبەجێکردنى (17) ئامانجەکەى نەتەوەیەکگرتووەکان تایبەت بە پەرەپێدانى بەردەوام، وەک ئاشکرایە ئەو (17) ئامانجەى کە لەلایەن نەتەوەیەکگرتوەکانەوە دانراوە، هەموو سەرکردەکانى جیهان سورن لەسەر ئەوەى تا ساڵى (2030) سەرجەم خاڵەکانى جێبەجێ بکرێن، ئێمەش وەک دەزگایەکى زانستى لەسەر ئاستى عێراق و هەرێمى کوردستان، کە ڕۆڵێکى دیارى و بەرچاومان لە پەروەردەکردنى فێرخوازان بۆ دواڕۆژ هەیە، بۆ ئەو مەبەستەش لێژنەیەک و بۆردێکمان بەجیا پێکهێناوە، کە نوێنەرى وڵاتانى دەرەوەشى لەخۆگرتوە و، کار و هەنگاوى باشیان ناوە و، (5) پێنچ ئامانجیان وەک قۆناغى یەکەم دیاریکردوە و بە چڕى کارى لەسەر دەکەن بۆ ئەوەى بتوانین کورسیەک لە نەتەوەیەکگرتوەکان بەدەست بهێنین، وتیشى ئامانجمان فراوانکردنی بەرنامە ئەکادیمییەکانمان و، بەهێزکردنى هاوکارییە نێودەوڵەتییەکانە بۆ ئەوەش لەبەر ڕۆشنایی بڕیار و ڕێنماییەکان و پاڵپشتیەکانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و، پشتیوانیەکانى دەستەى ئەمیندارییەتى زانکۆکانى جیهان؛ کار لەسەر کۆمەڵێک پڕۆژەى زانستى و ئەکادیمى جیاوازى تر دەکەین.
دەسکەوتەکان بە هەوڵى کۆمەڵێک لایەن بەدیهاتوون
لە کۆتایی وتارەکەیدا سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر سوپاس و ڕێزى پێشکەشەى ئەو مامۆستایانە کرد، كە بەگیانی لە خۆبردووی درێغییان نەكرد لە گەیاندنی پەیامی زانست و نیشتیمان پەروەری و گۆشكردنی دەرچوان بەدوا داهێنانەکانى زانست، هاوکات سوپاسی بێ پایانی پێشكەش بە وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و، سەرجەم دامەزراوەکانى وەزارەت کرد، لەهەمان کاتدا سوپاسى مامۆستایان و تەواوی كارمەندانی زانكۆى جیهان-هەولێرى ئاراستەی (گروپی جیهان) بەگشتى و، دەستەى ئەمینداریەتى زانکۆکانى جیهان بەتایبەت کرد بۆ پشتگیریە بەردەوامەکانیان بۆ زانكۆ و پێشخستنى بوارى زانستى.
دەستەى ئەمینداریەتى زانکۆکانى جیهان؛ پلانى نوێیان بۆ زانکۆ هەیە
لە بەشێکى دیکەى ئاهەنگەکەدا، دکتۆر نەوزاد یەحیا باجگر سەرۆکى دەستەى ئەمنیداریەتى زانکۆکانى جیهان وتارێکى پێشکەشکرد، لە میانەى وتارەکەیدا باسى لەسەرەتاکانى دامەزراندنى زانکۆى جیهان-هەولێرى کرد، پاشان ئاماژەى بە نوێترین دەسکەوتەکانى زانکۆکە لەسەر ئاستى عێراق و هەرێمى کوردستان و وڵاتانى جیهان کرد، کە توانیویەتى لە نوێترین ڕێزبەندى تایمزى بەریتانى یەکەمى هەرێمى کوردستان و دووەمى هەموو زانکۆکانى عێراق بێ، ڕونیشیکردەوە هەموو ئەو دەسکەوتانە بە توێژینەوەى زانستى و هەوڵى بەردەوام بەدیهاتوون، دوپاتیشکردەوە کار دەکەن تا لە ئایندەدەدا تا ساڵى (٢٠٣٠) زانکۆکەمان ببێتە یەکێک لە (١٠٠) زانکۆ یەکەمینەکانى جیهان، هەر لەو چوارچێوەیەدا سەرۆکى دەستەى ئەمینداریەتى زانکۆکانى جیهان باسى لە پلان و پرۆژەکانى دەستەى ئەمینداریەتى زانکۆکانى جیهان کرد بەتایبەت لە چۆنیەتى بایەخدان بە توێژینەوەى زانستى و بەدەستهێنانى دەسکەوتى زانستى بۆ زانکۆ و خەڵکى کوردستان.
وەزارەتى خوێندنى باڵا ستایشى کار و پڕۆژە زانستیەکانى زانکۆى جیهان-هەولێر دەکات
هەر لەو ئاهەنگەدا دکتۆر بڵند دزەیی بەڕێوەبەرى گشتى ئەندازە و پڕۆژەکان لە نوێنەرى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، بە نوێنەرایەتى وەزارەت وتارێکى پێشکەشکرد، لە وتارەکەیدا دواى پیرۆزبایکردن لە دەرچوان، دەستخۆشى لە زانکۆى جیهان-هەولێر و مامۆستایان کرد بۆ پێگەیاندنى کۆمەڵێک لە فێرخواز بۆ کۆمەڵگەکەمان، لە تەوەرێکى دیکەى وتارەکەیدا ستایشى کار و پرۆژە و بەرنامە جیاکانى زانکۆى جیهان-هەولێرى کرد بەتایبەت لە بوارى توێژینەوەى زانستى و، کردنەوەى پسپۆڕى و بەشى زانستى نوێ کە گرنگن بۆ ئەمڕۆى کۆمەڵگەکەمان، بۆ ئەوەش پاڵپشتى وەزارەتى بۆ هەنگاو و کار و پرۆژە زانستیەکانى زانکۆ دوپاتکردەوە.
دیارى و بڕوانامەى ڕێزلێنان بەسەر یەکەم و دووەم و سێیەمى کۆلێژەکان دابەشکرا
لە بڕگەیەکى دیکەى ئاهەنگەکەدا وتارى دەرچوان لەلایەن بەرپرسى یەکێتى قوتابیانى کوردستان لە زانکۆى جیهان-هەولێر خوێندرایەوە، دواتریش فێرخوازان سوێندنى یاساییان خوارد، پاشانیش ڕاگرى کۆلێژەکان داوایان لە سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر کرد بڕوانامەى بەکالۆریۆس بەپێى پسپۆڕییەکان ببەخشن بە دەرچوانى بەشەکانیان، بۆ ئەو مەبەستەش پرۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر پاڵپشت بە ڕێنماییەکان بڕوانامەى بەکالۆریۆسى بەخشى بەدەرچوان و پیرۆزبایی لێکرد، لە کۆتایشدا دیارى پێشکەش بە یەکەم و دووەم و سێیەمى سەر ئاستى کۆلێژەکانى زانکۆى جیهان-هەولێر کرا.