لە بەشی ئهندازيارى پرۆگرامسازى و ئينفۆرماتيك پەرە لە ڕۆبۆتێکی زیرەکی دەستکرد دەدرێ
لە ڕۆژی سێشەممە، ڕێکەوتی ٢٨/١٠/٢٠٢٥، لە هۆڵی(VIP)ی زانکۆی جیهان – هەولێر، سەرۆکایەتى بەشى ئهندازيارى پرۆگرامسازى و ئينفۆرماتيك لە میانەى چالاکیەکدا پەرەپێدانى ڕۆبۆتێکى نمایش کرد.
ئەو ڕۆبۆتە، کە لەلایەن مامۆستای یاریدەدەر (عادل حسێن) پەرەپێدراوە، لە میانەى نمایشکردنیدا باسى لە تایبەتمەندییەکانى ڕۆبۆتەکە کرد و وتى: ڕۆبۆتەکە پشت بە تەکنەلۆژیاکانی زیرەکیی دەستکرد دەبەستێت و، توانای کارلێککردنی دەنگی و قسەکردنی بە سێ زمان (کوردی، عەرەبی و ئینگلیزی) هەیە. ئەمەش هەنگاوێکی گرنگە بەرەو یەکخستنی زیرەکیی دەستکرد لە کارپێکردنە پەروەردەیی و خزمەتگوزارییەکاندا.
لە بەشێکى دیکەى قسەکانیدا ئەو مامۆستایەى بەشى ئهندازيارى پرۆگرامسازى و ئينفۆرماتيك ڕوونکردنەوەیەکى وردى لەبارەى قۆناغە پرۆگرامسازی و تەکنیکییەکانی پڕۆژەکەی پێشکەشکرد، هەروەها باسى لە میکانیزمی ڕاهێنانی مۆدێلی زمانەوانیی ڕۆبۆتەکە بۆ ناسینەوەی دەنگەکان، تێگەیشتن لە فەرمانەکان و جێبەجێکردنی وەڵامە گونجاوەکان کرد و جەختی لە گرنگیی ئەم داهێنانە کردەوە وەک چارەسەرێکی بنەڕەتی بۆ چەندین کێشە لە کارە کردارییەکاندا.
لەلایەکى دیکەوە هەر لە هەمان ڕۆژدا، (نەجۆ نەهرۆ) فێرخوازى قۆناغی چوارەمی بەشى ئهندازيارى پرۆگرامسازى و ئينفۆرماتيك بابەتێکى بە ناونیشانی “ئاسایشی سایبەری و ئاستەنگە نوێیەکان لە پاراستنی سیستمە دیجیتاڵییەکان” پێشکەشکرد.
لە میانەى ئەو چالاکیەدا، کە بە سەرپەرشتیی پڕۆفیسۆری یاریدەدەر (غەسان عیمانوێل) بەڕێوەچوو، فێرخوازەکە بەوردى باسی لە گرنگیی ئاسایشی سایبەری لە سەردەمی دیجیتاڵیدا کرد و، شێوازە دیارەکانی هێرشە ئەلیکترۆنییە باوەکان،و ڕێگاکانی خۆپاراستن لێیان بە بەکارهێنانی نوێترین ئامرازە سۆفتوێر و تەکنەلۆژیا ئەمنییەکان ڕونکردەوە.






