لە بەشی ڕاگەیاندن؛ فێرخوازان بەشێوەیەکى ورد ئاشناى چۆنیەتى ڕوبەڕووبونەوەى تاوانە ئەلیكترۆنییەكان کران
ڕۆژی پێنجشەممە ڕێكەوتی 22-1-2026 سیمینارێكی تایبەت بە تاوانە ئەلیكترۆنییەكان لە هۆڵی ئەكادیمیای جیهان بۆ ڕاهێنان و پەرەپێدان بەڕێوەچوو.
چالاكییەكە بە سەرپەرشتیی مامۆستای یاریدەدەر (ئەحمەد جەمال حەمەكەریم) بەڕێوەچوو و فێرخوازانی قۆناغەكانی سێهەم و چوارەم تێیدا بەشداربوون. ناوەڕۆكی سیمینارەكە لەلایەن (موحەممەد مەقسوود ئیسماعیل) شارەزا لە بواری تەكنەلۆجیای زانیاریی پێشكەش كرا، لەو چوارچێوەیەدا سیمینارەكەی بە پێناسەكردنی تاوانی ئەلیكترۆنی دەستپێكرد و ئاماژەی بەوە كرد تاوانە ئەلیكترۆنییەكان بریتین لە بەكارهێنانی ئامێرە ئەلیكترۆنییەكان، تۆڕی ئینتەرنێت، یان سیستمە دیجیتاڵییەكان بەشێوەیەكی نایاسایی، ئەم جۆرە تاوانانە لە چەند ساڵی ڕابردوودا بە شێوەیەكی بەرچاو زیادیان كردووە بەهۆی پەرەسەندنی خێرای تەكنەلۆجیا و زیادبوونی پشتبەستن بە ئینتەرنێت لە ژیانی ڕۆژانەدا. هەروەها باسی لە سەرەتاكانی دەركەوتنی تاوانە ئەلیكترۆنییەكان كرد و ئاماژەی بە چەند نموونەی دیاری جیهانی كرد، لەوانە هێرشە سایبەرییەكان بۆسەر كۆمپانیا گەورەكان، دزینی زانیاریی تایبەت، ڤایرۆسە كۆمپیوتەرییە مەترسیدارەكان، هەروەها هێرشەكان بۆسەر دامەزراوە حكومییەكان و بانكەكان. ئاماژەی بەوەش كرد كە تاوانە ئەلیكترۆنییەكان ساڵانە زیانێكی دارایی بە تریلیۆنان دۆلار لە سەرانسەری جیهان درووست دەكەن.
لە بەشێكی دیكەی سیمینارەكەیدا، (موحەممەد مەقسوود) ئاماژەی بە چەندین هۆكاری سەرەكی كرد كە وا لە تاوانباران دەكات ئەم جۆرە تاوانانە ئەنجام بدەن. قازانجی دارایی وەك هۆكارێكی سەرەكی ناساند، چونكە زۆربەی تاوانە ئەلیكترۆنییەكان بەمەبەستی دەستكەوتنی پارە ئەنجام دەدرێن. كەمی ئاگایی و هۆشیاریی لەلای بەكارهێنەران، لاوازیی سیستمە پارێزراوەكان، هۆكارە سیاسی و ئایدیۆلۆجییەكان و، حەزی تۆڵەسەندنەوە یان خۆپیشاندان بەشێكی دیكە بوون لە هۆكارە دیارەكان.
لە بەشی كۆتایی سیمینارەكەدا، (موحەممەد مەقسوود) ڕێنماییە گرنگەكانی خۆپاراستنی بە بەشداربووان ئاڕاستە كرد. جەختی لەسەر گرنگی بەكارهێنانی وشەی نهێنیی بەهێز و جیاواز بۆ هەر هەژمارێك كردەوە. هەروەها باسی گرنگیی نوێكردنەوەی بەردەوامیی سیستم و سۆفتوێرەکان كرد بۆ داخستنی بۆشایی و كەلێنە ئەمنییەكان. وریابوون لە ئیمەیڵ و لینكی گومانلێكراو، بەكارهێنانی نەرمەكاڵای دژەڤایرۆسی باوەڕپێكراو و، درووستكردنی باكئەپی بەردەوام بەشێكی دیكەی گرنگ بوون لە ڕێنماییەكانی خۆپاراستن لە تاوانی ئەلیكترۆنی. لەگەڵ ئەوەشدا، ئاماژەی بە گرنگی خوێندنەوە و فێربوون دەربارەی مەترسییە نوێیەكانی ئۆنلاین كرد.
فێرخوازانی بەشداربوو بە پرسیارەكانیان لەبارەی تاوانە ئەلیكترۆنییەكان و ڕێگاكانی خۆپاراستن، بەشدارییەكی كارایان لە سیمینارەكەدا كرد. لە كۆتاییدا، مامۆستای سەرپەرشتیار سوپاسنامەی پێشكەش بە (موحەممەد مەقسوود ئیسماعیل) كرد بۆ پێشكەشكردنی ئەو ناوەڕۆكە گرنگە و بەشداریكردنی لەو چالاكییەدا.







