لە حەوتەمین کۆنفرانسی زانستی بۆ پڕۆژە نایابەکانى فێرخوازان (٦٦) پرۆژەى نایاب پێشکەشکران و، کارەکانى کۆنفرانس بە سەرکەوتویی کۆتایی هات
حەوتەمین کۆنفرانسی زانستی بۆ پرۆژە نایابەکانى فێرخوازانى زانکۆی جیهان-هەولێر ڕۆژى دووشەممە ڕێکەوتى (٢٨/٤/٢٠٢٥) بە سەرکەوتوویی کۆتایی بەکارەکانى هێنا، لە ماوەى دوو ڕۆژى کۆنفرانسدا (٦٦) توێژینەوەى نایاب بەسەرکەوتوانە لەلایەن فێرخوازانە پێشکەش کران و، لەلایەن ئامادەبوانەوەش گفتوگۆی زانستیان لەبارەوە کرا.
لە لە کۆنفرانسى ئەمساڵدا، کە بە بەشدارییەکی بەرفراوانی فێرخوازان و توێژەران و سەرپەرشتیاران و ئەکادیمیەکانی کۆلێژ و بەشە جیاوازەکانی زانکۆکە بەڕێوەچوو، کۆمەڵێک پڕۆژەی هەمەچەشن و داهێنەرانە لە بوارە زانستیە پزیشکى و تەندروستى و ئەندازیارى و کردارییەکان و و زانستە مرۆییە جیاوازەکاندا پێشکەشکرا، کە ڕەنگدانەوەی هەوڵەکانی فێرخوازانى لە بوارى توێژینەوە نیشاندا. لەو چوارچێوەیەدا و لە کۆتایی کۆنفرانسەکەدا ڕێوڕەسمێک بەڕێوەچوو، بەو بۆنەیەوە پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر وتارێکى پێشکەش بە فێرخوازان و ئامادەبوان کرد، لە وتارەکەیدا سەرۆکى زانکۆ جەختی لەسەر گرنگی توێژینەوەی زانستی و ڕۆڵی لە پەرەپێدان و پێشخستنی کۆمەڵگە کردەوە، هەروەک ستایشی هەوڵ و داهێنان و کۆڵنەدانی فێرخوازانى لە بوارەکانیان کرد و پیرۆزبایشى لێکردن. پرۆفیسۆر ئەمجەد سابر دەلۆ وتیشى مایەى خۆشحاڵیە کە کارەکانى کۆنفرانس بەسەرکەوتویی بەڕێوەچوون، بەتایبەت لە هەڵبژاردن و دەستنیشانکردنى پرۆژەکان، کە لەڕووی کوالیتی توێژینەوەى خاوەن کوالیتى بەرز بوون، جگە لەوەش ژمارەشیان بەراورد بە ساڵانى ڕابردو زیاتر بوو، وتیشى ئەم جۆرە کۆنفرانسە دەبێتە سەکۆیەکی گرنگ بۆ هاندانی ئەنجامدانى توێژینەوەی زانستی لەنێو فێرخوازانى زانکۆدا، جگە لەوەش بەشدارە لە بەهێزکردنی پێگەی زانکۆی جیهان-هەولێر وەک ناوەندێکی ئەکادیمی پێشەنگ.
لە کۆتایی کۆنفرانسەکەدا سەرۆکى زانکۆ ڕێز و سوپاسى لە فێرخوازە سەرکەوتووەکان نا و، هەوڵەکانیانى بەرز نرخاند.