لە خولى تۆپى پێى زانکۆ؛ تیپی فێرخوازانى بەشى تەکنیکی دروستکردنی ددان لە تیپى فێرخوزانى کۆلێژى دەرمانسازی بردەوە
لە دەستپێکی یارییەکانی خولی تۆپی پێی بچوکراوەی زانکۆی جیهان-هەولێر، کە لە لایەن بەشی پەروەردەی جەستەیی و زانستە وەرزشییەکانەوە ڕێکخراوە، ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٢٥/١/٢٠٢٦، یارییەکی پڕ لە حەماسەت لە نێوان تیپی فێرخوازانی “بەشی تەکنیکی دروستکردنی ددان” و تیپى فێرخوازانى “کۆلێژی دەرمانسازی” بەڕێوەچوو.
یارییەکە بە سیناریۆیەکی دراماتیکی دەستی پێکرد؛ تیپى فێرخوازانى کۆلێژی دەرمانسازی لە سەرەتاوە باڵادەستیی خۆی نیشاندا و توانی دوو گۆڵی یەک لە دوای یەک تۆمار بکات، بەوەش تا کۆتایی گێمی یەکەم بە ئەنجامی (2-0) پێشکەوت و هەوادارانی دڵنیا کردەوە لە بردنەوە. لە سەرەتای گێمی دووەمدا، بارودۆخەکە بۆ تیپى فێرخوازانى بەشى تەکنیکی دروستکردنی ددان ئاڵۆزتر بوو، کاتێک یەکێک لە یاریزانەکانیان بەهۆی توندوتیژییەوە کارتی سووری وەرگرت و تیپەکە بە 10 یاریزانەوە یارییەکەی تەواو کرد.
سەرەڕای ئەم ئاستەنگانە، یاریزانانی بەشى تەکنیکی دروستکردنی ددان بە ئیرادەیەکی پۆڵایینەوە ڕیزەکانیان ڕێکخستەوە و توانییان گۆڵی یەکەم تۆمار بکەن. بەرزبوونەوەی ورەی یاریزانان و درەوشانەوەی گۆڵپارێزەکەیان، کە چەندین تۆپی مەترسیداری گەڕاندەوە، بووە هۆی تۆمارکردنی گۆڵی یەکسانبوون.
لە خولەکەکانی کۆتاییدا، تیپى فێرخوازانى بەشى تەکنیکی دروستکردنی ددان توانییان “ڕیمۆنتادا” تەواو بکەن و گۆڵی سێیەم و سەرکەوتن تۆمار بکەن. بەو جۆرە یارییەکە بە ئەنجامی (3-2) لە بەرژەوەندی تیپى تۆپى پێى فێرحوازانى بەشى تەکنیکی دروستکردنی ددان کۆتایی هات.







