لە زانکۆى جیهان-هەولێر خولێکى دیکەى زیرەکی دەستکرد بۆ مامۆستایانى بەشەکانی ئەندازیارى تەلارسازی، دیزاینی ناوخۆیی و ئەندازیاری شارستانی دەستپێکرد
لەسەر بنەماى ڕاسپاردەکانى سەرۆکایەتى زانکۆی جیهان-هەولێر، خولێکی ڕاهێنانی لە بواری زیرەکی دەستکرد (AI) بۆ مامۆستایانى بەشەکانی ئەندازیارى تەلارسازی، ئەندازیارى دیزاینی ناوخۆیی و، ئەندازیاری شارستانی دەستپێکرد.
لەو خولەدا، کە ڕۆژى چوارشەممە ڕێکەوتى (١٢/٣/٢٠٢٥) لە تاقیگەکانى ئەندازياری پرۆگرامسازی وئينفۆرماتيك دەستپێکرد، ڕۆژانە وانەکان لەلایەن پرۆفیسۆرى یاریدەدەر غەسان عەمانوئێل لە بەشى ئەندازياری پرۆگرامسازی وئينفۆرماتيك و مامۆستاى یاریدەدەر لانە شەهاب ئەحمەد لە بەشى ئەندزایارى تەلارى سازى پێشکەش دەکرێ، خولەکە کە بۆ ماوەى شەش ڕۆژ بەردەوام دەبێ ڕۆژانە بەشێوەیەکى تیورى و پراکتیکى ڕاهێنان بە مامۆستایانى بەشدار بوو دەکرێ بۆ چۆنیەتى سوودوەرگرتن لە (AI) لە بوارەکانى باشترکردنی دیزاین، بەڕێوەبردنی کارامەی سەرچاوەکان و، پرۆسەی دیزاینکردنی تەلارسازی، بەکارهێنانی AI بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی پەیوەست بە تەرخانکردنی شوێن، و ڕۆڵی AI لە بەڕێوەبردنی کارەکانی بیناسازی، هەروەها باس لە کاریگەرییەکانی AI لەسەر شێوازەکانی وانەوتنەوە و پرۆکرامەکانى خوێندن دەکرێ، جگە لەوانەش تیشک خستنە سەر لایەن ئاکارییەکانى بەکارهێنانى (AI) لە بوارى پیشەیی و ئەکادیمى.
ڕێکخستن و بەڕێوەبردنى ئەم خولى ڕاهێنانە لەسەر زیرەکی دەستکرد هەنگاوێکی دیکەى گرنگى زانکۆی جیهان-هەولێر بۆ سوود وەرگرتن پێشکەوتنە تەکنەلۆژییەکان و ئاوێتەکردنى (AI) لەگەڵ پرۆگرامەکانى خوێندن و ڕاهێنان و پێگەیاندنى فێرخوازان بە نوێترین پێشکەوتنەکان لە بوارە جیاوازەکان بەگشتى و بوارى ئەندازیارى بەتایبەت.