لە زانکۆى جیهان-هەولێر چوارەمین کۆنفرانسى نێودەوڵەتى ئەندازیارى گەیاندن و زانستەکانى کۆمپیوتەر بەڕێوەدەچێ
بەچاودێرى (دکتۆر ئارام محەمەد قادر) وهزیری خوێندنی باڵا و توێژینهوهی زانستی و، بەئامادەبوونى ژمارەیەکى بەرچاو لە توێژەرانى بیانى و ناوخۆى و عێراقى، زانکۆى جیهان-هەولێر چوارەمین کۆنفرانسى نێودەوڵەتى ئەندازیارى گەیاندن و زانستەکانى کۆمپیوتەر بەڕێوەدەبات.
لەو کۆنفرانسەدا، کە وا بڕیارە لە ڕۆژانى (٣٠-٣١/٣/٢٠٢٢)، لە هۆڵى کۆنفرانسى زانکۆى جیهان-هەولێر دەست بەکارەکانى بکات، چەندین توێژینەوەى ئاست بەرز لەلایەن توێژەران و مامۆستایان و شارەزایان لە سەر ئاستى زانکۆکانى وڵاتانى پێشکەوتوو دەخرێتەڕوو، هاوکات لەسەر ئاستى هەرێمى کوردستان و عێراقیش، ژمارەیەک توێژینەوەى ئاست بەرز لە بوارەکانى ئەندازیارى گەیاندن و زانستەکانى کۆمپیوتەر پێشکەش دەکرێ، کە لەماوەى ڕابردوو لەلایەن توێژەران و پسپۆڕانى بوارەکان پێشکەشى لێژنەى ئامادەکارى کۆنفرانس کراون و هەڵسەنگاندنى زانستیان بۆ کراوە.
لەو کۆنفرانسەدا، جگە لە ڕێوڕەسمى کردنەوەى کۆنفرانس و پێشکەشکردنى وتارى سەرۆکایەتى زانکۆى جیهان-هەولێر و لێژنەى باڵاى ئامادەکارى کۆنفرانس، لە ڕێگەى چەند پانێڵێکى جیاواز توێژینەوەکان دابەشى سەر چەند تەوەرێک کراون و، دواى پێشکەشکردنیان لەلایەن توێژەرانەوە، مامۆستایان و شارەزایانى بوارەکە کە بەشدارى کۆنفرانسەکە دەکەن گفتوگۆ لەبارەوە ناوەڕۆک و دەرئەنجامەکانى دەکەن، هەروەک چاوەڕێ دەکرێ لە توێژینەوەکاندا باس لەو پێشکەوتون و پەرەسەندنە نوێیانە بکرێ، کە لە بوارى تەکنەلۆژیا بەتایبەت تەکنەلۆژیاى زانیارى بەدیهاتوون.
لە ئێستادا لە زانکۆى جیهان-هەولێر ڕێوشوێنەکانى بەڕێوەچوونى کۆنفرانسەکە، لەلایەن سەرۆکایەتى زانکۆى جیهان-هەولێر کارەکانى تەواو بون و، ئامادەکارى دەکرێ بۆ ڕۆژانى دەستپێکردنى کۆنفرانس.