لە زانکۆى جیهان-هەولێر ڕۆژى یەکشەممە ئامادەکارییەکان بۆ ڕەوانەکردنى (٢٠) فێرخوازى دیکە بۆ خوێندن لە پۆڵندا دەست پێ دەکات
لە چوارچێوەی کارە هاوبەشەکانى لەگەڵ دامەزراوە نێودەوڵەتیەکاندا و، بۆ ئاڵوگۆڕی زانستی و ڕاهێنانی فێرخوازان، زانکۆی جیهان-هەولێر؛ لەبەر ڕۆشنایی واژۆکردنى یاداشتنامەکانى لەگەڵ زانکۆکانى پۆڵندا، لە زانکۆى جیهان-هەولێر ئامادەکارییەکان بۆ ڕەوانەکردنى ڕاوندێکى دیکەى فێرخوازان بۆ خوێندن لە پۆڵندا دەست پێ دەکات.
بۆ ئەو مەبەستە سەرۆکایەتى زانکۆى جیهان-هەولێر فێرخوازان لەسەرجەم بەشە زانستیەکان ئاگادار دەکات، ڕۆژى یەک شەممە ڕێکەوتى (2024/9/1) لە سەرۆکایەتى بەشە زانستیەکان ناوى خۆیان تۆمار بکەن، هاوکات ڕۆژى دووشەممە ڕێکەوتى (2024/9/2) چاوپێکەوتن لەگەڵ فێرخوازانى ئارزومەند دەکرێت و دواتر لە بەر ڕۆشنایی خاڵەکانى ڕێککەوتنامەى زانکۆى جیهان-هەولێر لەگەڵ زانکۆکانى پۆڵندا و، لە چوارچێوەى پێوەرەکانى پرۆگرامى ئیراسمۆس پڵس کاندید دەکرێن بۆ درێژەدان بە کۆرسێکى خوێندن لە زانکۆکانى ئەو وڵاتە.
ئەم ڕاوندەى فێرخوازان لە مانگى شوباتى ساڵى داهاتوو بەرەو پۆڵندا بەڕێدەکەون بۆ تەواوکردنى کۆرسى بەهارەى خوێندن، کە ماوەى چوار مانگ دەخاێنێت، ئەو هەنگاوەش لە بەردەوامى هەوڵەکانى زانکۆى جیهان-هەولێر دێ بۆ ڕەخساندنى دەرفەتى ناوازە بۆ فێرخوازان لە قۆناغە جیاوازەکانى خوێندن بەئامانجى بەرزکردنەوەى ئاست و توانا و لێهاتویان بەپێى پسپۆڕییەکانیان.