لە زانکۆى جیهان-هەولێر یەکەمین سمپۆزیۆمى نێودەوڵەتى تایبەت بە خۆپاراستن و کۆنترۆڵکردنی هەوکردن بەڕێوەچوو
پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر ڕایگەیاند: خۆپاراستن لە میکرۆبەکان و کۆنترۆڵکردنی هەوکردنەکان تەنها پەیوەندى بە لایەنى پزیشکی و ژورى نەشتەرگەرییەکان نییە، بەڵکو پەیوەندى بەکۆى گشتى کۆمەڵگە و سیستمى تەندروستیش هەیە، هەربۆیە زانکۆکەمان بەسێ ئاراستەى جیاواز لەو بوارەدا کاریکردوە.
ئەو ڕاگەیاندنەى پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر، ئەمڕۆ سێ شەممە ڕێکەوتى (١٢/١١/٢٠٢٤) لە میانەى پێشکەشکردنى وتارێک لە مەراسیمى کردنەوەى یەکەمین سیمپۆزیۆمی نێودەوڵەتی خۆپاراستن و کۆنترۆڵکردنی هەوکردن هات، لەو سیمپۆزیۆمەدا، کە بەناونیشانى (با تەندروستى کۆمەڵگە بپارێزین بە گرنگیدان بە خۆپارێزرى و کۆنتڕۆڵى هەوکردن)، بەئامادەبونى دکتۆر سامان بەرزنجى وەزیرى تەندروستى حکومەتى هەرێمى کوردستان و، دکتۆر نەواز یەحیا باجگر سەرۆکى دەستەى ئەمینداریەتى زانکۆکانى جیهان و، چەندین لێپرسراوى حکومى و، مامۆستایان و توێژەران و فێرخوازان بەڕێوەچوو، دواى ساتێک ڕێزگرتن بۆ گیانى پاکى شەهیدان چەند وتەیەک بەو بۆنەیەوە پێشکەشکران.
لەسەرەتادا پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر وتارێکى پێشکەشکرد و، دواى بەخێرهێنانى میوانان وتى: ئەمڕۆ زانکۆى جیهان-هەولێر خۆشحاڵە، کە بەهاوبەشى بەڕێوەبەرایەتى دڵنیایی جۆرى و کۆنتڕۆڵى هەوکردن لە وەزارەتی تەندروستی حکومەتى هەرێمی کوردستان و، زانکۆی (JOY) لە هیندستان ئەم سیپۆزیۆمە بەڕێوە دەبەین.
لە بەشێکى دیکەى وتەکەیدا، سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر باسى لەلایەنە جیاکانى خۆپاراستن کرد و وتى: وەک ئاشکرایە کۆمەڵگەى مرۆڤایەتى بەگشتى و سیستمی تەندروستی بەتایبەت لەم سەردەمەدا ڕووبەڕووی گۆڕانکاری خێرا و ئاڵنگارى بێ وێنە بۆتەوە، کە کاریگەری لەسەر هەموو گۆشەیەکی ژیانمان دروستکردوە، بۆیە خۆپاراستن لە میکرۆبەکان و کۆنترۆڵکردنی هەوکردنەکان تەنها پەیوەندى بە لایەنى پزیشکی و ژورى نەشتەرگەرییەکان نییە، بەڵکو پەیوەندى بەکۆى گشتى کۆمەڵگە و سیستمى تەندروستیش هەیە، سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر ئاشکراشیکرد پایە سەرەکییەکانی ئەم خۆپارێزیە بە پلەى یەکەم بریتیە لە خۆشگوزەرانی کۆمەڵگە و بڵاوکردنەوەى هۆشیارى تەندروستى و باشکردن و بەرزکردنەوەى کواڵیتى ژیان و بەهێزکردنى چاودێرى تەندروستى لە بوارە جیاکان؛ ئینجا کۆنتڕۆڵکردنى ژورى نەشتەرگەرییەکان.
پرۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ بەشێکى دیکەى وتارەکەى تەرخانکرد بۆ کار و ئەرکى زانکۆى جیهان-هەولێر و لەو بارەیەوە وتى: تەوەر و پانێڵەکانى ئەم سیمپۆزیۆمە ئەوەمان بیردەخاتەوە، کە پاراستنی کۆمەڵگەکانمان بە واتای پاراستنی کۆمەڵگەی جیهانیی دێ، بۆیە هاوکاری سەرانسەری لەسەر ئاستى دامەزراوە جیاکان بۆ سەرکەوتنەکانمان و ئەو ئاڵنگاریانەى ڕوبەڕوى سیستمى تەندروستى دەبنەوە؛ زۆر گرنگە، هەربۆیە زانکۆکەمان پابەندە بە پاڵپشتیکردنی ئەم هەوڵانە، ئەوەش لە ڕێگەی توێژینەوە و ڕاهێنان و پێشخستنی زانست و خستنەڕوى پێشنیازى تۆکمە بۆ پەرەپێدانی سیاسەتی داهێنەرانە بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان، جگە لەوەش لە زانکۆکەمان (١٣) بەشى زانستى پزیشکى و تەندروستى لە پسپۆڕییە جیاکان هەیە، کە ڕۆڵێکى گرنگیان هەیە لە پێگەیاندن و پەروەردەکردنى کادیرى لێهاتوو بۆ ناو سیستمى تەندروستى، لەگەڵ ئەوەشدا فێرخوازانى ئەو بەشانە بەردەوام چالاکى جۆراوجۆر و کارى خۆبەخشى لە قوتابخانە و شوێنە گشتیەکان ئەنجام دەدەن، بۆ بەرزکردنەوەى ئاستى هۆشیارکردنەوەى چین و توێژە جیاکانى کۆمەڵگە لە بوارەکانى تەندروستى، چونکە لە بنەڕەتدا ئامانجى زانکۆکەمان بونیادنان و پەهێزکردنى سیستمێکی تەندروستی کارایە، بەجۆرێک خۆپاراستن و کۆنتڕۆڵکردن لە پێشینەى ئەرکەکان بێت.
لە بەشێکى دیکەى مەراسیمى کردنەوەى سیمپۆزیۆمەکەدا، د.سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان و، دکتۆر نەوزاد یحیی باجگر سەرۆكی دەستەی ئەمیندارانی زانكۆكانی جیهان بە جیا وتەیان پێشکەشکرد، بۆ ئەوەش دکتۆر نەوازد یەحیا باجگر لە میانەى پێشکەشکردنى وتەکەیدا بەشێوەیەکى زانستى لایەنە گرنگەکانى سیمپۆزیۆمەکەى شیکردەوە، هانى توێژەرانى پەرەى زیاتر بە بوارەکە بدەن و توێژینەوەى وردتر بکەن، بۆ ئەوەش ئامادەیی زانکۆکانى جیهانى بۆ سەرەخستنى توێژینەوەکان و هەر جۆرە کارئاسانیەک دوپاتکردوە.
هەر لە مەراسیمى کردنەوەى سیمپۆزیۆمەکەدا، هەریەک دکتۆر دلۆڤان محمد فاتیح بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەولێر و، دکتۆر ئارەزوو حسن بەرزنجی سەرۆكی بەشی دڵنیای جۆری و كۆنتڕۆڵی هەوكردن لەبەڕێوەبەراتی گشتی تەندروستی هەولێر لە میانەى پێشکەشکردنى وتەکانیاندا باسیان لە کار و چالاکیەکانیان لە بوارەکەدا کرد.
دوا بەدواى پێشکەشکردنى وتەکان بەرنامەى کارى سیمپۆزیۆمەکە دەستیپێکرد، لەو چوارچێوەیەشدا پانێڵێك بەناونیشانی (گەشەسەندنی خۆپاراستن و كۆنترۆڵكردنی توشبون لەنەخۆشخانەكانی كوردستان) لەلایەن پزیشکان و توێژەرانى پسپۆڕ باسکرا، دواتریش چەند بابەتێکى دیکەى زانستى، کە لە گۆشەنیگاى جیاوازەوە شیکردنەوەیان بۆ لایەنە جیاکانى سیمپۆزیۆمەکە کرد بوو، لەلایەن توێژەران و پزیشک و پسپۆڕانى بوارەکە پێشکەشکرا و، لەلایەن ئامادەبوانەوە گفتوگۆى چڕ لەسەر ناوەڕۆکى هەریەک لە بابەتەکان کرا.