لە زانکۆی جیهان-هەولێر وۆرکشۆپێکی دەربارەی شێوازەکانی چارەسەریی فیزیکی-کارەبایی بۆ فێرخوازانى چارەسەرى سروشتى بەڕێوەچوو
لە چوارچێوەی چالاکیە بەردەوامەکانی و، بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی زانستی و پیشەیی فێرخوازان، سەرۆکایەتى بەشی چارەسەری سروشتی لە زانکۆی جیهان-هەولێر وۆرکشۆپێکی تایبەت و گشتگیرى بۆ فێرخوازانى لەسەرجەم قۆناغەکانى خوێندن بەڕێوەبرد. ئەم وۆرکشۆپە، کە بە ناونیشانی “شێوازەکانی چارەسەریی فیزیکی-کارەبایی و کارپێکردنە کلینیکییەکانی” بوو، ڕۆژی سێشەممە، ڕێکەوتى (٢٧/٥/٢٠٢٥) بەڕێوەچوو.
وۆرکشۆپەکە دوو بەشی سەرەکی لەخۆگرتبوو، بەشی تیۆری لە هۆڵی VIP بەڕێوەچوو، تیشک خرایە سەر بابەتە سەرەکییەکان، لەوانە پۆلێنکردن و میکانیزمە بنەڕەتییەکانی کارکردنی ئامێرە فیزیکی-کارەباییە جیاوازەکان. شێوازە تایبەتەکان لە: سۆناری چارەسەریی (Therapeutic Ultrasound)، وروژاندنی کارەبایی دەمار بەسەر پێستدا (TENS)، چارەسەریی تێکەڵاو (IFT)، وروژاندنی کارەبایی دەمار-ماسولکەیی (NMES)، و چارەسەریی بە لەیزەر. هەر لەو بەشەدا بە وردی کاریگەرییە فسیۆلۆژییەکانیان، ئاماژە و دژە-ئاماژە کلینیکییەکان، پارامەترەکانی چارەسەری گونجاو، و ڕێنماییە گرنگەکانی سەلامەتی نەخۆش تاوتوێ کرا. لایەنى پراکتیکى وۆرکشۆپەکە، کە لە تاقیگە و کلینیکى چارەسەرى سروشتى زانکۆ بەڕێوەچوو، محەمەد سموکو، پسپۆڕی کلینیکی لە کۆمپانیای BTL فێرخوازانى ئاشناىى زانیارییە بنەڕەتییەکان و ئەزموونی پراکتیکی لە بەکارهێنانی کاریگەر و سەلامەتی شێوازە فیزیکی-کارەباییەکان لە کاری چارەسەری سروشتیدا کرد، بۆ ئەوەش بەشێوەیەکى پراکتیکى فێرخوازانى ئاشناى چۆنییەتی ئامادەکردنی ئامێرەکان، ئامادەکردنی نەخۆش بۆ چارەسەرکردن کرد.
ئەم وۆرکشۆپە تایبەتمەندە بووە دەرفەتێکی گرنگ بۆ فێرخوازانى چارەسەری سروشتی لە زانکۆی جیهان-هەولێر بۆ قووڵکردنەوەی شارەزاییەکانیان و، بەهێزکردنی گەشەی پیشەیی و باشتر ئامادەکردنیان بۆ کاری کلینیکی.