لە سەنتەری وەرگێڕانی تاج؛ فێرخوازانی بەشی وەرگێڕان بەشێوەیەکى پراکتیکیی ئاشناى زانستی مۆرفۆلۆژی دەبن
ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی (٣ی شوباتی ٢٠٢٦)، گروپێک لە فێرخوازانی قۆناغی دووەمی بەشی وەرگێڕان لە زانکۆی جیهان-هەولێر، کە پێکهاتبوون لە هەریەک لە (سارا سەردار عارف سەلیم، محەمەد سەنگەر ئەنوەر ئەحمەد، ترێفا عەونی عەدنان نوری، و ڕەوان ڕەشید فەیسەڵ ئەحمەد)، سەردانێکی زانستیی مەیدانییان بۆ سەنتەری وەرگێڕانی تاج ئەنجامدا،
سەردانەکە بە سەرپەرشتی مامۆستای بابەت (زینە مەحمود) ڕێکخرابوو. سەرەتا فێرخوازان لەلایەن (سیروان ئەسوەد یونس)، وەرگێڕی بەئەزموون و خاوەنی سەنتەرەکە، بە گەرمی پێشوازییان لێکرا. پاشان لە دانیشتنێکدا سەنتەرەکەى بە فێرخوازان ناساند، بەتایبەت پێکهاتەی ڕێکخراوەیی و مێژووی گەشەسەندنی سەنتەرەکە لە کاتی دامەزراندنیەوە تا ئێستا ، لەگەڵ ئەو خزمەتگوزارییانەی پێشکەشی دەکەن.
دواتر سیروان ئەسوەد یونس ڕوونکردنەوەی وردی لەبارەی جۆرە جیاوازەکانی وەرگێڕان، مەودای گشتی کاری وەرگێڕ و گرنگیی مۆرفۆلۆژی لە بەرهەمهێنانی وەرگێڕانی ورد و کاریگەردا پێشکەش کرد. هەروەها تیشکی خستە سەر ئەو کارامەییە سەرەکیانەی کە پێویستە وەرگێڕ هەیبێت، ڕەوتی کار و بەرپرسیارێتییەکانی ناو سەنتەرەکەی خستەڕوو، بۆ ئەوەش چەندین نموونەی لە ئەزموونی پیشەیی خۆی بۆ فێرخوازان گێڕایەوە و بە بەڵگەنامەی فەرمی نیشانی دان.
فێرخوازان بە پرسیاری جۆراوجۆر لەبارەی پرۆسەی وەرگێڕان و بەکارهێنانی مۆرفۆلۆژی لە کاری ڕۆژانەدا بەشدارییان کرد و وەڵامی تەواویان وەرگرتەوە. لە کۆتاییدا، فێرخوازان سوپاسی خۆیان دەربڕی و سیروان ئەسوەد یونس دەستخۆشی لە حەماسەت و ئارەزووی فێرخوازان کرد بۆ پیشەی وەرگێڕان.







