لە شاری دهۆك فێرخوازانی بەشی ڕاگەیاندن سەردانی نووسینگەی كوردستان24 دەكەن
لە درێژەی گەشتە زانستییەكەیاندا بۆ شاری دهۆك، فێرخوازانی بەشی ڕاگەیاندن لە زانكۆی جیهان-هەولێر، ڕۆژی شەممە 8-11-2025 بەسەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر (ئەحمەد جەمال حەمەكەریم)، سەردانی نووسینگەی تەلەڤزیۆنی (كوردستان24)یان كرد.
سەڵاح عەلی، بەرپرسی نووسینگەی كوردستان24 لە شاری دهۆك، پێشوازی لە مامۆستای سەرپەرشتیار و فێرخوازان كرد و خۆشحاڵیی خۆی دەربڕی بۆ ئەو سەردانە گرنگە. لەمیانەی سەردانەكە، بەرپرسی نووسینگەی كوردستان24 باسی لە ئەرك و بەرپرسیارێتی نووسینگەی كەناڵەكە كرد لە شاری دهۆك و، ئەو هەماهەنگییەی لەنێوان ئەوان و نووسینگەی سەرەكیی دامەزراوەكە هەیە لە هەولێر لە ڕووماڵی كارە میدیاییەكاندا.
هاوكات، بەشە جیاوازەكانی نووسینگەكەی بە فێرخوازان ئاشنا كرد، وەك بەشی هەواڵنووسی و پەیامنێران و ژووری پەخشی ڕاستەوخۆ كە بەردەوام چالاكن لە تۆماركردن و بڵاوكردنەوەی هەواڵەكان لە پارێزگای دهۆك و دەورووبەری. هەروەها تیشكی خستە سەر گرنگی خێرایی و وردبینی لە ئامادەكردن و بڵاوكردنەوەی هەواڵەكاندا، بەتایبەتی لە سەردەمی میدیای دیجیتاڵییدا كە پێویستی بە كارێكی پیشەیی و بەرپرسیارانە هەیە. فێرخوازانى ئامادەبوو لەڕێی گفتوگۆوە سوودیان لە ئەزموونی نووسینگەكە و سرووشتی كاری نووسینگەكانی دەزگا میدیاییەكان وەرگرت.
لەكۆتاییدا، مامۆستای سەرپەرشتیار سوپاسی بەرپرسی نوسینگەی كوردستان24 و كارمەندانی كرد بۆ بەدەمەوەبوون و ڕەخساندنی دەرفەتێكی وەها گرنگ بۆ فێرخوازانی بەشی ڕاگەیاندن لە زانكۆی جیهان-هەولێر.






