لە وارشۆ، فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر بەشدارى لە یادى ڕۆژى سەربەخۆیی پۆڵەندا دەکەن
ڕۆژى (١١/١١)ى هەموو ساڵێک ڕۆژى نیشتمانیی و ڕاگەیاندنى سەربەخۆیی پۆڵندایە، لەو ڕۆژەدا چالاکى جۆراوجۆر لە شارەکانى ئەو وڵاتە بەڕێوەدەچێ، لەو چوارچێوەیەشدا فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر، کە لە زانکۆی وارشۆ بۆ زانسته زیندووهكان (Warsaw University of Life Sciences)بۆ تەواوکردنى کۆرسێکى خوێندن لەو وڵاتەن، بەشدارییان لەو یادە نیشتیمانیەدا کرد.
لەو یادەدا، کە ڕۆژى سێ شەممە ڕێکەوتى (١١/١١/٢٠٢٥) بەڕێوەچوو، فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر، کە بریتین لە (إبراهيم زكي محمد صالح) فێرخوازى قۆناغى دووەم لە بەشى چارەسەرى سروشتى، (مروان محمد أحمد) فێرخوازى قۆناغى دووەم لە بەشى نیوتریشن و دایەتێتیکس و (محمد علي بكتش) قۆناغى سێیەم لە بەشی شیکارى تاقیگەى پزیشکى، بە شێوەیەکى چالاکانە بەشداریان لە چالاکییە جۆراوجۆرەکانى ئەو یادە نیشتیمانیەدا کرد، کە بە بۆنەى ڕۆژى سەربەخۆیی پۆڵەندا لە وارشۆبەڕێوە چوون. فێرخوازان لە میانەى بەشداریکردنەکەیاندا لە نزیکەوە ئاشناى مێژوو و کەلتوور و ڕۆحى سەربەخۆیی گەلى پۆڵەندا بوون.
لە ڕۆژێکى مێژوویی و پڕشکۆدا، لە ڕێکەوتى (١١/١١/١٩١٨) دواى کۆتایی هاتنى جەنگى جیهانى یەکەم و، پاش ١٢٣ ساڵ لە دابەشبوونى وڵات لەلایەن ڕووسیا و پرۆسیا و نەمسا، پۆڵەندا سەربەخۆیی خۆى بەدەستهێنا، لەو کاتەوە پۆڵندا ئەو ڕۆژەیان کردوە بە ڕۆژى نیشتمانیی سەربەخۆیی و ساڵانە بە چالامى جۆراوجۆر و بە شێوەیەکى گەرموگوڕ و پڕ جۆش یادى دەکەنەوە.






