لە پۆڵندا؛ زانکۆی جیهان-هەولێر ڕێککەوتنامەیەکى لەگەڵ زانکۆی پۆلیتەکنیکى پۆزنان واژۆ کرد
لە بەردەوامى سەردانى شاندى زانکۆى جیهان-هەولێر بەسەرۆکایەتى پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ بۆ فروانکردنى بازنەى پەیوەندییە زانستى و ئەکادیمیەکانى زانکۆى جیهان-هەولێر لەگەڵ زانکۆکانى پۆڵندا، شاندەکە سەردانى زانکۆى پۆلیتەکنیکى پۆزنان (Poznan University of Technology)یان کرد و ڕێککەوتنامەیەکیان واژۆ کرد.
ڕۆژى هەینى ڕێکەوتى (١٢/٥/٢٠٢٣) شاندى زانکۆى جیهان-هەولێر سەردانى زانکۆی پۆلیتەکنیکى پۆزنانیان کرد و، لەلایەن پڕۆفیسۆر دکتۆر ڤۆیچیچ سومێلکا (Prof. Dr. Wojciech Sumelka) یاریدەدەرى سەرۆکى زانکۆ بۆ کاروبارى توێژینەوە پێشوازیان لێکرا.
لە دیدارێکدا، پڕۆفیسۆر دکتۆر ڤۆیچیچ سومێلکا بەخێرهێنانى شاندى میوانى کرد و، پاشان باسى لە گرنگى بەهێزکردنى پەیوەندییەکانى زانکۆکەى لەگەڵ زانکۆى جیهان-هەولێر کرد، لە بەرامبەر پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ دواى ئەوەى کورتە باسێکى لەبارەى زانکۆى جیهان-هەولێر و مێژوى دامەزراندن و چۆنیەتى فراوانبونى بەشێوەیەتى چەندایەتى و چۆنایەتى ڕاگەیاند: زانکۆکەمان خاوەن ئەزمونێکى زۆر و دەسکەوتى زانستى فراوانین، باشترین بەڵگەشمان پێشەنگبونى زانکۆکەمان لە زۆربەى ئەو ڕێزبەندیانەى بۆ زانکۆکان لەسەر ئاستى ناوخۆ و نێودەوڵەتى ساڵانە ئەنجام دەدرێن، هیواشى خواست لە بەر ڕۆشنایی سیاسەتى زانکۆى جیهان-هەولێر بۆ فراوانکردنى بازنەى پەیوەندییەکانیان بتوانن لەگەڵ زانکۆى پۆلیتەکنیکى پۆزنان بناغەى پەیوەندیەکى پتەو بۆ خزمەتکردن بەزانست و کۆمەڵگەکانمان دابنێین. دوا بەدواى کۆبونەوەکەش، پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ و، پڕۆفیسۆر دکتۆر ڤۆیچیچ سومێلکا ڕێککەوتننامەیەکى هاوبەشیان لە ئۆفیسی سەرۆکایەتی زانکۆی پۆلیتەکنیکى پۆزنان واژۆ کرد،
ڕێککەوتنامەکە چەند بوارێکی هاوکاری نێوان هەردوو زانکۆ لەسەر ئاستی زانکۆ بە گشتی و کۆلێژ و بەشە هاوشێوەکان بەجیا لەخۆدەگرێت، بەپێى خاڵەکانى ڕێککەوتنامەکە هەردوو لا لە چوارچێوەى پرۆگرامى ئێراسمۆس پڵەس لەسەر ئاڵوگۆڕی مامۆستا و ستافى زانستى فێرخوازان لە نێوان زانکۆکانیان ڕێککەوتن، لەگەڵ ئەنجامدانى چەند کۆنفرانسێکى زانستى بەهاوبەشى لە داهاتویەکى نزیکەدا لە بوارەکانى زانستە ئەندازیاریەکان و کۆمپیوتەر و گەیاندن، هەروەک خاڵێکى دیکەى ڕێککەوتنامەکە پەیوەستە بەڕەخساندنى دەرفەتى خوێندنى باڵا ماستەر و دکتۆرا لە زانکۆی پۆلیتەکنیکى پۆزنان.
هاوکات ڕێککەوتنامەکە چەندین خاڵى دیکەى گرنگى لەبارەى پێدانى بڕوانەى هاوبەش (joint degree)و ڕەخساندنى دەرفەتى بۆ بەشداریکردنى فێرخوازانى هەردوولا لەو خول و ڕاهێنانەى کە لە وەرزى هاویناندا بەڕێوەدەچن، بەو شێوەیە واژۆکردنى ڕێککەوتنامەکە بووە یەکەم هەنگاوی فەرمی بۆ جێبەجێکردنی دەستپێشخەرییە هاوبەشەکانى نێوان هەردوو زانکۆ.
واژۆکردنى ڕێککەوتنامەکە بەئامادەبونى پرۆفیسۆرى یاریدەدەر دکتۆر مەیسون حەیدەرى یاریدەدەرى سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر بۆ کاروبارى زانستى و دکتۆر ساڵح مستەفا زێبارى بەرپرسى پەیوەندییە نێودەوڵەتیەکانى زانکۆى جیهان-هەولێر و، ماگدالینا زاڤیرسکا ڤۆڵنیڤیچ (Magdalena Zawirska-Wolniewicz) سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی زانکۆی پۆلیتەکنیکى پۆزنان، پرۆفیسۆرى یاریدەدەر حەسەن ئەلریفائی، لە فاکەڵتی ئەندازیاری شارستانی و گواستنەوەى هەمان زانکۆ بەڕێوەچوو.