لە چالاکیەکى زانستیدا؛ فێرخوازانی مایکرۆبایۆلۆجى پزیشکى گرنگیی کوتان و ژیانی تەندروست بۆ قوتابیانی قوتابخانەی شێخ مەحمود ڕوون دەکەنەوە
فێرخوازانی قۆناغی چوارەمی بەشی مایکرۆبایۆلۆجى پزیشکی لە زانکۆی جیهان-هەولێر، ڕۆژی دووشەممە (٩ی شوباتی ٢٠٢٦)، چالاکییەکی هۆشیاریی تەندروستییان لە قوتابخانەی شێخ مەحمودی ئامادەیی لە شاری هەولێر بەڕێوەبرد.
لە دەسپێکی چالاکییەکەدا، فێرخوازانی زانکۆ لەلایەن (شوان سەعید سەلیم) بەڕێوەبەری قوتابخانەی شێخ مەحمودەوە بە گەرمی پێشوازییان لێکرا، کە تێیدا بەڕێوەبەری قوتابخانە بایەخی ئەم جۆرە هەماهەنگییانەی نێوان زانکۆ و ناوەندە پەروەردەییەکانی بەرز نرخاند. پاشان لە میانی چالاکیەکەیاندا، فێرخوازانی زانکۆ بابەتێکی تێروتەسەلیان لەسەر چەمکی کوتان و کاریگەریی ڤاکسینەکان لەسەر ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە گواستراوەکان پێشکەش کرد. هەروەها جەختیان لەسەر گرنگیی پابەندبوون بە خشتەی فەرمی کوتانی منداڵان کردەوە، کە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە پەسەند کراوە، وەک بنەمایەک بۆ پاراستنی کۆمەڵگە لەو نەخۆشییانەی کە دەتوانرێت بە کوتان کۆنتڕۆڵ بکرێن.
لە بەشێکى دیکەی چالاکیەکەدا، باس لە بنەماکانی پاراستنی شێوازی ژیانی تەندروست کرا، لەوانە: گرنگیی خۆراکی هاوسەنگ، ڕەچاوکردنی پاکوخاوێنی کەسی و ڕێگاکانی خۆپارێزی لە نەخۆشییە جۆراوجۆرەکان کە گونجاو بن بۆ تەمەنی قوتابیان. بابەتەکان بە شێوازێکی سادە و کارلێکەر پێشکەش کران، کە بووە مایەی هاندانی قوتابیان بۆ بەشداریکردن و ئاراستەکردنی پرسیارە زانستییەکانیان.
چالاکییەکە بە گفتوگۆیەکی کراوە کۆتایی هات، کە تێیدا ئاستی هۆشیاری و پەرۆشی قوتابیان بۆ بابەتە تەندروستییەکان ڕەنگدانەوەی سەرکەوتنی چالاکییەکە بوو.







