لە ڕۆژى جیهانیی بەساڵاچواندا، فێرخوازانى بەشی زمانی ئینگلیزی هەڵمەتێکی هۆشیاری بەڕێوەدەبەن
ڕۆژی چوارشەممە، ڕێکەوتی 2025/10/1، کە هاوکاتە لەگەڵ ڕۆژى جیهانى بەساڵاچوان، گروپێک لە فێرخوازانى بەشی زمانی ئینگلیزی لە زانکۆى جیهان-هەولێر بە سەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر مەروە مەحموود ئەمین هەڵمەتێکی هۆشیارییان لە پارکی سامی عەبدولڕەحمان بەڕێوەبرد.
لەو هەڵمەتى هۆشیارییەدا، کە فێرخوازانى قۆناغی سێیەمی بەشەکە بەشدارییان تێدا کرد، لە پارکى سامى عەبدولڕەحمان پەیامێکی گەنجانەیان بۆ بەهێزکردنی پێگەی بەساڵاچووان لە کۆمەڵگ بە ڕێبواران و هاوڵاتیان و گەشتیارانى پارکى سامى عەبدولڕەحمان گەیاند و، تیایدا تیشکیان خستە سەر مافەکانیان و گرنگیی چاودێریکردن و پاراستنیان لە پشتگوێخستن و دابڕانی کۆمەڵایەتی، هەر لە چوارچێوەى هەڵمەتەکەیاندا هاندانی هاوڵاتیانیان دا شێوازێکی ژیانی تەندروست و چالاک بۆ بەساڵاچوان دەستەبەر بکەن، بۆ ئەو مەبەستەش کۆمەڵێک پرۆشەر و کارتیان دابەش کرد، کە دروشمی کورتی بە زمانی ئینگلیزییان لەسەر بوو و بەهای بەساڵاچووان و ڕۆڵیان لە ژیاندا دەخستەڕوو. لەلایەکى دیکەوە فێرخوازانى بەشى زمانى ئینگلیزى داوایان لە هاوڵاتیان دەکرد ووشە و دەستەواژەکانى تایبەت بە بەساڵاچوان بە دەنگی بەرز بخوێننەوە و، دواتریش لەگەڵ کەسوکارە بەساڵاچووەکانیاندا هاوبەشی پێ بکەن، وەک هەوڵێک بۆ دروستکردنى پەیوەندیکى مرۆیی نێوان نەوەکان.
لایەنى گرنگى هەڵمەتەکە بریتى بوو لە ڕۆڵی خوێندنەوەی وەک لێهاتووییەکی سەرەکی لە فێربوونی زمانی ئینگلیزی، ئەوەش لە ڕێگەی بانگهێشتکردنی ڕێبواران و هاوڵاتیان و گەشتیارانى پارکى سامى عەبدولڕەحمان لەلایەن فێرخوازانى بەشى زمانى ئینگلیزى بۆ خوێندنەوەی ووشەکان بە دەنگی بەرز و هاوبەشیکردنیان لەگەڵ کەسانی بەساڵاچووی خێزانەکانیاندا. لە ڕێگەی ئەم هەڵمەتەوە، فێرخوازان پەیوەندیی کۆمەڵایەتییان بەهێز کرد و تیشکیان خستە سەر بەشدارییە بەنرخەکانی بەساڵاچووان لە پرۆسەی پەرەپێدانی کۆمەڵایەتیدا.