لە کۆنفرانسی نیشتمانی کۆلێژەکانی پزیشکی ددان لە عێراق ڕێزلێنان پێشکەش بە زانکۆى جیهان-هەولێر دەکرێ
لە یەکەمین ڕۆژى بەڕێوەچوونى، کۆنفرانسی نیشتمانی کۆلێژەکانی پزیشکی ددان لە عێراق، کە ڕۆژى هەینى ڕێکەوتى (١٤/١٢/٢٠٢٤) لە شارى بەغداد بەدروشمى (وەبەرهێنان لە توێژینەوەی زانستی و ڕۆڵی لە گەشەپێدانی ئابووریدا) دەستى پێکرد و، شاندى زانکۆى جیهان-هەولێر بەشدارى کارا لە چالاکیە زانستیەکانى کۆنفرانسەکەدا کرد و، ڕێزلێنانیان کرا.
لەو چوارچێوەیەدا، دکتۆر قەیس ئەلجومەیلى ڕاگرى کۆلێژى پزیشکى ددان و ژمارەیەک لە مامۆستایان و فێرخوازانى کۆلێژەکە بەشداریان لە کۆنفرانسەکەدا کرد چالاکى جیاوازیان بەڕێوەبرد، بۆ ئەو مەبەستە دکتۆر قەیس ئەلجومەیلى سمینارێکی پێشکەش کرد و، تیایدا باسى لە کۆلێژى پزیشکى ددان لە زانکۆى جیهان-هەولێر کرد، دواتر تیشکى خستە سەر دواین پێشهاتەکانی ئاستى بەرەوپێشچونى زانستى پزیشکی ددان، بۆ ئەوەش جەختی لەسەر گرنگی مۆدێرنکردن و نوێکردنەوەى بەردەوامی زانستى پزیشکی کردەوە، هەروەک بەستنى ئەم کۆنفرانسەشى بە هەنگاوێکى پێویستى ئەو بوارە لە قەڵەمدا.
هەر لەو کۆنفرانسەدا ، پڕۆفیسۆرى یاریدەدەر نينوس بولص فيليب لە کۆلێژى پزیشکى ددان لە زانکۆى جیهان-هەولێر سەرۆکایەتى پانێڵێکى تایبەتى کۆنفرانسەکەى کرد و، تیایدا تاوتوێى پێشهاتەکانی بەرەوپێشچونى زانستى پزیشکی ددان کرا و، پسپۆڕانى بوارەکە لە ڕێگەى خستنەڕوى توێژینەوە و بەرهەمە زانستیەکانیان بە وردى باسیان لە پێشکەوتنەکان کرد، هاوکات فێرخوازانى کۆلێژى پزیشکى ددان لە زانکۆى جیهان-هەولێر کە بەشدارى کۆنفرانسەکەیان کردوە بەشدارى کارەیان لە چالاکیەکانى کۆنفرانسەکەدا کرد و، بە خستنەڕوى سەرەنج و بۆچون و پرسیارەکانیان لایەنەکانى بابەتەکەیان دەوڵەمەند تر کرد.
لەلایەکى دیکەوە؛ دکتۆر رغد الهاشمي سەرۆکى لێژنەى ڕاگرى کۆلێژەکانى پزیشکى ددان لە زانکۆکانى عێراق ڕێزلێنانى تایبەتى کۆنفرانسەکەى پێشکەش بە دکتۆر قەیس ئەلجومەیلى ڕاگرى کۆلێژى پزیشکى ددان لە زانکۆى جیهان-هەولێر کرد، هەر لە پەراوێزى کۆنفرانسەکەشدا ڕاگرى کۆلێژى پزیشکى ددان لە زانکۆى جیهان-هەولێر چەندین دیدارى زانستى لەگەڵ ڕاگر و پسپۆڕ و شارەزایانى بوارى پزیشکى ددان ئەنجامدا.