
مامۆستایان و فێرخوازانى بەشى وەرزش بەشدارى لە بەڕێوەچوونى یارییەکى تۆپى بالە دەکەن
بۆ لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە چۆنیەتى بەڕێوەچوونى یارییەکى وەرزشى، ستافى زانستى و ژمارەیەک لە فێرخوازانى بەشى پەروەردەى جەستەیی و زانستییە وەرزشییەکان لە زانکۆى جیهان- هەولێر سەردانى بەشى پەروەردەى جەستەیی و زانستییە وەرزشییەکان لە زانکۆى سەڵاحەددین کرد.
لەسەرەتاى سەردانەکەیاندا، سەردانى یاریگاى داخراوى بەشى پەروەردەى جەستەیی و زانستییە وەرزشییەکان لە زانکۆى سەڵاحەددین کرد و، ئامادەیى بەڕێوەچوونى یارییەکى تۆپى بالەى نێوان یانەى هەولێر و یانەى بەحر بوون، کە لە چوارچێوەى یانە پلە نایابەکانى یەکێتى تۆپى بالەى عێراقى بەڕێوەدەچێ.
لە میانەى بەڕێوەچوونى یارییەکەشدا، فێرخوازان چەندین پرسیاریان ئاراستەى ستافى مامۆستایانى بەش کرد، کە سەرجەم پرسیارەکان پەیوەست بوون بەدۆخەکانى ناوبژیوانى بەتوانا و چۆنیەتى چاودێریکردن و بەڕێوەبردنى یارییەکان بەباشترین شێوە، لەهەمانکاتدا پرسیاریان لەبارەى ئاماژەکانى ناوبژیوان لەکاتى بەڕێوەچوونى یارییەکان کرد.
لە میانەى بەڕێوەچوونى یاریەکەشدا فێرخوازان تێبینى یاریزانەکان و جوڵەکانیان و پلانى هێرشکردن و بەرگریکردنى یاریزانەکان لە پاڵەوانیەتیەکە دەکرد، ئەوەش ئەزمونێکى گرنگە بۆ زیاتر شارەزابوونى فێرخوازان لە داهاتوودا.