مامۆستایانى زانکۆى جیهان-هەولێر لە هۆڵندا بەشدارى لە خولێکى باشکردنى بەستنەوەى پرۆگرامەکانى خوێندن بەبازارى کار دەکەن
وەک بەشێک لە تەواوکردنى پڕۆژەی باشکردن و پەرەپێدانى تواناکان لە بوارى (خوێندنى ئاوێتە) بۆ چۆنیەتى بەستنەوەى پڕۆگرامەکانى خوێندن و ڕەخساندنى دەرفەتى ڕاهێنان لە بازارى کار، مامۆستایانى زانکۆ لە هۆڵندا بەشدارى لە خولێکى تایبەت دەکەن.
ساڵى ڕابردو، زانکۆى جیهان-هەولێر وەک باشترین زانکۆ لە پیادەکردنى خوێندنى ئاوێتە و باشکردنى بەستنەوەى پرۆگرامەکانى خوێندن بەبازارى کار دەستنیشان کرا، لەو چوارچێوەیەشدا زانکۆى ماسترێختى هوڵندى بەهەماهەنگى کۆلێژە زانکۆیی لیمۆنس بۆ تەکنەلۆژى (LTUC) ڕاگەیاند.
پڕۆژەکە، كە لەلایەن (NUFFIC funded TMT+ Project (OKP-QEfR-40007)) پاڵپشتى دارایى دەکرێ، لە سێ قۆناغ پێکهاتووە، قۆناغى یەکەم لە ڕێکەوتى (١٤/٢/٢٠٢١) بەبەشدارى ژمارەیەک لە مامۆستایانى زانکۆى جیهان-هەولێر لە (زانکۆى جیهان-هەولێر) بەڕێوەچوو، هەرچى قۆناغى دووەم بوو تایبەت بوو بە چۆنیەتى سوود وەرگرتن لە ئامرازەکانى ڕاگەیاندن بۆ پیادەکردنى وانە تیۆرى و گریمانەییەکان، ئەم قۆناغەیان لە مانگى سێپتەمبەرى ساڵى ڕابردوو لە ئوردون بەبەشدارى ژمارەیەک لە ستافى زانستى زانکۆى جیهان-هەولێر بەڕێوەچوو.
هەر لەو چوارچێوەیەدا و، بۆ تەواوکردنى پڕۆژەکە ماوەى چەند ڕۆژێکە هەریەک لە (دکتۆر ئامینە سەباح مەحمود) سەرۆکى بەشى مایکرۆبایۆلۆجی پزیشکی و، (مامۆستاى یاریدەدەر محمد حسین باجەلان) سەرۆکى بەشى زانستەکانى کۆمپیوتەر لە هۆڵندا بەشدارى خولێکیان کردوە، کە تایبەتە بەچۆنیەتى دیزاینکردنى خولى ڕاهێنان.
پێشتر لە پەیامى دەستنیشانکردنى زانکۆى جیهان-هەولێر وەک باشترین زانکۆ بڵاوکراوەیەوە، “زانکۆى جیهان-هەولێر یەکێک لەو زانکۆیانەى کاریگەرى زۆرى لە ڕەخساندنى دەرفەت بۆ فێرخوازان و گەنجانى عێراق هەبووە، تا بتوانن خوێندن تەواو بکەن و لە بازارى کاردا هەلى کار بەدەست بهێنن”.
زانکۆى جیهان وەک هەمیشە لەسەر ئەو ڕێچکە زانستیەى پەیڕەوى کردوە بەردەوام دەبێ لە بەستنەوەى پرۆگرامەکانى خوێندن بەبازارى کار بەشێوەیەکى باشتر، تا دەرفەتى کارى زیاتر بۆ فێرخوازان نەک هەر لەسەر ئاستى کوردستان، بەڵکو لەسەر ئاستى عێراق و ناوچەکە بۆ گەنجانى وەڵات بڕخسێنێ، ئەوەش بەگۆشکردنى فێرخوازان بەزانست و زانیارى سەردەم و ئاشناکردنیان بەگۆڕانکارییانەى لەسەر ئاستى جیهان بەدى دێ.