نوێنەری زانکۆی جیهان-هەولێر لە کۆریای باشوور، تیشکی خستە سەر دۆخی تەکنەلۆژیای زانیاری لە هەرێمی کوردستان
لە چوارچێوەی بەرنامەیەکی ڕاهێنانی نێودەوڵەتیدا لە وڵاتی کۆریای باشوور، دکتۆر حەسەن فەهمی، وەک نوێنەری زانکۆی جیهان-هەولێر، بابەتێکی گرنگی سەبارەت بە واقعی کەرتی تەکنەلۆژیای زانیاری (IT) و گۆڕانکارییە دیجیتاڵییەکان لە هەرێمی کوردستان پێشکەش کرد.
دکتۆر حەسەن فەهمی لە میانەی پرۆگرامی “بنیاتنانی توانا بۆ گۆڕانکاری دیجیتاڵی و ستراتیژی داهێنان لە هەرێمی کوردستان و عیراق” ، کە لەلایەن ئاژانسی کۆری بۆ هاریكاریی نێودەوڵەتی (KOICA) سەرپەرشتی دەکرا. سەردانى کۆریاى باشورى کرد، ئامانجی پرۆگرامەکە ئاڵوگۆڕکردنی شارەزایی و بەرزکردنەوەی توانای بەشداربووانە لە بواری داڕشتنی ستراتیژی داهێنان و وەرچەرخانی دیجیتاڵیدا، لەو چوارچێوەیەدا دکتۆر حەسەن فەهمی وەک نوێنەری زانکۆی جیهان-هەولێر بابەتیکى گرنگى پێشکەشی لە شاری سیۆنگنامی وڵاتی کۆریای باشوور کرد و، تیایدا شیکردنەوەیەکی وردی لەبارەى دۆخی ئێستای ژێرخانی تەکنەلۆژی لە هەرێمی کوردستان، دەرفەتەکان و ئەو ئاڵنگارییانەی ڕووبەڕووی ئەم کەرتە دەبنەوە، خستەڕوو. هەروەها ڕۆڵی دامەزراوە ئەکادیمییەکانی وەک زانکۆی جیهان-هەولێری لە پێشخستنی ئەم بوارە و ئامادەکردنی پسپۆڕی لێهاتوو بۆ بازاڕی کاردا، باسکرد.
دکتۆر حەسەن فەهمی ڕایگەیاند: ” شاری سیۆنگنامی بە یەکێک لە ناوەندە سەرەکییەکانی تەکنەلۆژیا و داهێنان دادەنرێت و، لە میانەى بابەتەکەمدا بەوردى باسم لە واقع و ئاییندەی کەرتی تەکنەلۆژیای زانیاری (IT) لە هەرێمی کوردستان کرد، ئەم بەشدارییە دەرفەتێکی زێڕین بوو بۆ ناساندنی پۆتانسێلی گەورەی هەرێمی کوردستان لە بواری دیجیتاڵیدا، وتیشى کۆریای باشوور نموونەیەکی بێوێنەی پێشکەوتنی تەکنەلۆژییە و گواستنەوەی ئەم ئەزموونانە و، دەتوانێت هەنگاوەکانمان بەرەو حکومەتی ئەلیکترۆنی و ئابووریی دیجیتاڵی خێراتر بکات.”
لە میانەى پێشکەشکردنى بابەتەکەیدا، جگە لە ئامادەبوونى شاندێکی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان، کە لە بەرپرسان و پسپۆڕانی بوارەکانی گۆڕانکاریی دیجیتاڵی و داهێنان لە وەزارەت و دامەزراوە جیاوازەکانی هەرێم پێکهاتبوون. ژمارەیەک لە شارەزایان و پسپۆڕانى کۆریاش ئامادەبوون، ئەوەش دەرفەتێکی ڕاستەوخۆ بوو بۆ گەیاندنی دیدگای ئەکادیمی و شیکاریی زانستی بەو کەسانەی ڕاستەوخۆ بەرپرسیارن لە داڕشتنی سیاسەتی دیجیتاڵی لە کوردستان.
ئەم بەشدارییە بە هەنگاوێکی گرنگ دادەنرێت بۆ ناساندنی توانستە زانستی و تەکنەلۆژیاکانی هەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، هەروەها دەرفەتێکە بۆ پتەوکردنی پەیوەندییە ئەکادیمی و زانستییەکان لەگەڵ دامەزراوە پێشکەوتووەکانی جیهان وەک ئاژانسی کۆیکا. زانکۆی جیهان-هەولێر بەردەوام هەوڵ دەدات لە ڕێگەی نوێنەرەکانییەوە بەشداری لە کۆڕ و سیمینارە نێودەوڵەتییەکاندا بکات، بەمەبەستی ئاڵوگۆڕی زانیاری و سوودوەرگرتن لە ئەزموونە جیهانییەکان بۆ خزمەتکردنی کۆمەڵگەی کوردستان.