نیوتریشن و دایەتێتکس وۆرکشوپێکی نێودەوڵەتی دەربارەی کوالیتی خۆراک و شیکردنەوەی مەترسییەکان بەڕێوەبرد
ڕۆژی چوارشەممە ڕێكەوتی (3/12/2025)، سەرۆكایەتی نیوتریشن و دایەتێتکس لە زانكۆی جیهان-هەولێر بە ئامادەبوونی پڕۆفیسۆر دكتۆر ئەیاد حازم، یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی، وۆرکشوپێکی لە هۆڵی (VIP) بە ناونیشانی “کوالیتی خۆراک و شیکردنەوەی مەترسییەکان” بەڕێوەبرد.
وۆرکشوپەکە بە وتەی بەخێرهێنان و نمایشکردنی ڤیدیۆیەکی ناساندنی بەشی نیوتریشن و دایەتێتکس دەستی پێکرد. دواتر دكتۆر ساڵح مستەفا زێباری، مامۆستا لە بەشەکە، بابەتێكی بە ناونیشانی “کوالیتی خۆراک: لە پشکنینەوە بۆ خۆپاراستن” پێشکەش کرد، كە تیایدا باسی لە گرنگترین پێوەرەکانی کوالیتی خۆراک (هەستی، میکرۆبی، و کیمیایی) کرد و ڕۆڵی پشکنین لە دامەزراوە خۆراکییەکاندا ڕوون کردەوە. هەروەها جەختی لە پشکنینی ڕۆتینی و پاکوخاوێنی و هەڵگرتنی گونجاو یارمەتیدەرن بۆ دۆزینەوەی کێشەکان كردەوە، لەگەڵ ڕێکارە خۆپارێزییەکانی وەک (GMP) و سیستمی (HACCP) کۆڵەکەی سەرەکین بۆ پاراستنی بەکارهێنەر و زامنکردنی کوالیتی.
تەوەری دووەمی وۆرکشوپەکە لەلایەن پرۆفیسۆر دكتۆر قەیس عەبدوڵڵا نوجەیم، مامۆستا لە بەشی زانست و تەکنەلۆژیای خۆراک لە زانکۆی ئیب لە یەمەن پێشکەش کرا، کە تێیدا باسی لە “شیکردنەوەی مەترسییەکانی خۆراک” کرد وەک چوارچێوەیەکی زانستی کە لە سێ بەش پێکهاتووە: هەڵسەنگاندنی مەترسی، بەڕێوەبردنی مەترسی و پەیوەندیکردن دەربارەی مەترسییەکان. بۆ ئەوەش دكتۆر قەیس عەبدوڵڵا نموونەی مەترسییە بایۆلۆجی و کیمیایی و فیزیاییەکانی خستەڕوو و، ڕێگەکانی خەمڵاندنی ئەگەری ڕوودانیانی ڕوونکردەوە. هەروەها جەختی لە گرنگیی شەفافیەت لەگەڵ بەکارهێنەران کردەوە بۆ بەرزکردنەوەی متمانە بە سەلامەتی خۆراک.
وۆرکشوپەکە بە دانیشتنێکی گفتوگۆ و پرسیار و وەڵام کۆتایی هات، کە تێیدا مامۆستایان و فێرخوازان پرسیاریان دەربارەی ئاڵنگارییەكانی جێبەجێکردنی سیستمەکانی پشکنین و شیکردنەوەی مەترسی لە پیشەسازییە خۆراکییە ناوخۆییەکاندا کرد و، بیروڕایان ئاڵوگۆڕ کرد.






