پرۆفیسۆر دكتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکی زانکۆی جیهان-هەولێر لە پێشوازی فێرخوازانی قۆناغی یەکەمدا: “دەبێت شانازی بکەن کە لەم زانکۆ پێشەنگەدا دەخوێنن”
ڕۆژی یەکشەممە، ڕێکەوتی (7/12/2025)، لەگەڵ دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندنی (2025-2026)ی فێرخوازانی قۆناغی یەكەم، پڕۆفیسۆر دکتۆر (ئەمجەد سابر دەلۆ)، سەرۆکی زانکۆی جیهان-هەولێر، سەردانی بەشە زانستییەکانی زانکۆی كرد و، بەخێرهاتنی فێرخوازانی قۆناغی یەکەمی کرد.
لە میانەی بەسەرکردنەوەکەیدا بۆ هۆڵەکانی خوێندن، سەرۆکی زانکۆی جیهان-هەولێر پیرۆزبایی گەرمی ئاڕاستەی فێرخوازە نوێیەکان کرد بە بۆنەی وەرگیرانیان و دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێی ژیانی ئەکادیمییان لە زانكۆی جیهان-هەولێر. پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ لە چەند وتەیەکی جیادا بۆ فێرخوازان لە بەشە زانستیە جیاوازەكان، تیشکی خستە سەر مێژووی دێرین و پڕشنگداری زانکۆی جیهان-هەولێر، كە وەک یەکەمین زانکۆی تایبەت لە هەرێمی کوردستان لە ساڵی (2007) دامەزرا و، ئێستا گەورەترین زانكۆی تایبەتە .
سەرۆکی زانکۆی جیهان-هەولێر لە بەشێکی دیکەی وتەکانیدا باسی لەو پێگە زانستییە بەرزەی زانكۆ كرد، کە لەسەر ئاستی ناوخۆ و نێودەوڵەتی هەیەت، هاوكات ئاماژەی بە دەسکەوتە زانستی و ئەکادیمییەکانی زانکۆ کرد، بەتایبەتی لە بواری ڕیزبەندییە جیهانییەکان و توێژینەوەی زانستی و کوالیتی خوێندن و ڕەوانەكردنی فێرخوازان بۆ زانكۆ پێشكەوتووەكانی جیهان، هاوكات لەم ڕووەوە ڕووی دەمی کردە فێرخوازان و وتی: “دەبێت ئێوە ئەمڕۆ شانازی بەوەوە بکەن کە بوونەتە بەشێک لەم خێزانە گەورەیە؛ شانازی بکەن کە لە زانکۆیەکدا دەخوێنن کە خاوەنی ژێرخانێکی زانستی بەهێز، کادری ئەکادیمی پڕۆفێشناڵ و پێگەیەکی پێشەنگە لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان عێراق و ناوچەکە.”
لە کۆتایی سەردانەکەیدا، پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ هیوای سەرکەوتن و دواڕۆژێکی گەشی بۆ فێرخوازان خواست و دووپاتی کردەوە، کە سەرۆکایەتی زانکۆ هەموو هەوڵێک دەخاتە گەڕ بۆ دابینکردنی باشترین ژینگەی خوێندن و فەراهەمکردنی پێداویستییە زانستییەکان بۆ پێگەیاندنی ئێوەی فێرخواز، بەجۆرێك ببنە نەوەیەکی سەرکردە و داهێنەر دوای تەواوكردنی قۆناغەكانی خوێندن بەسەركەوتویی.







