پرۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکی زانکۆی جیهان-هەولێر لەگەڵ سەرۆکی زانکۆی نێودەوڵەتی-کوێت کۆبوەوە
لە پەراوێزی بەشداریکردنی لە (٥٧)ەمین کۆنفرانسی گشتی یەکێتى زانکۆکانى عەرەب، کە لە کوێت بەڕێوەچوو، پرۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکی زانکۆی جیهان-هەولێر لەگەڵ پرۆفیسۆر بەرەکات عوض ئەلهدەیبان سەرۆکی زانکۆی نێودەوڵەتی-کوێت کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا باس لە ڕێگەکانی بەرزکردنەوەی هاریکاری ئەکادیمی و توێژینەوەی نێوان هەردوو زانکۆ کرا، بۆ ئەوەش تیشک خرایە سەر پێکهێنانى گروپی توێژینەوەی هاوبەش بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەی زانستی داهێنەرانە، بەرزکردنەوەی هاوکاری توێژینەوە و، بڵاوکراوەی زانستی هاوبەش لە بوارە هاوبەشەکاندا. هەروەها هەردوولا باسیان لە ئەگەری ئاڵوگۆڕی ستافى زانستى کرد بۆ دەوڵەمەندکردنی ئەزموونی زانستى، ئەمە جگە لە پەرەپێدانی پرۆگرامەکان بە هاوبەشی بۆ ئەوەی هاوسەنگ بن لەگەڵ دوایین پێشهاتەکانی خوێندنی باڵا. هەر لە لە نێو ئەو خاڵانەی کە لە کۆبوونەوەکەدا باسکران، تاوتوێى پرۆگرامی ئەکادیمی هاوبەش و سازدانی وۆرکشۆپی تایبەتمەند و خولی ڕاهێنان بۆ پەرەپێدانی تواناکانی بەش و کولێژەکان و ستافى زانکۆ لە بوارەکانی بەڕێوەبردنی ئەکادیمی و دامەزراوەیی کرا، بۆ ئەو مەبەستەش هەردولا ڕێککەوتن لەسەر ئەوەی کە فێرخوازانی هەردوو زانکۆکە دەرفەتی بەشداریکردن لە خولی ئەکادیمی لە زانکۆکەی تر پێ بدرێت، ئەوەش لە ڕێگەی پرۆگرامى ئاڵوگۆڕی فێرخوازان، بەجۆرێک ڕەچاوی ڕێسا و مەرجە تایبەتەکانی هەر زانکۆیەک بکات، ئەمەش یارمەتیدەر دەبێت بۆ بەرزکردنەوەی ئەزموونی ئەکادیمی خوێندکاران و فراوانکردنی ئاسۆی خوێندنیان.
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا ڕێککەوتن لەسەر واژۆکردنی ڕێککەوتنێکی فەرمی هاوکاری نێوان زانکۆی جیهان-هەولێر و زانکۆی نێودەوڵەتی – کوێت بۆ جێبەجێکردنی ئەو تەوەرانەى جێى بایەخى هەردولان، واش بڕیارە لە هەر زانکۆیەک ڕێکخەرێک دابنرێت بۆ ئاسانکاری ئاڵوگۆڕی زانیاری و دڵنیابوون لە بەدواداچوون بۆ پڕۆژە هاوبەشەکان. ئەم هاوکارییە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی زانکۆی جیهان-هەولێر دێت بۆ پتەوکردنی پەیوەندییە ئەکادیمییە نێودەوڵەتییەکانی و پاڵپشتیکردنی باشی لە خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیدا.