پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکی زانکۆی جیهان-هەولێر لە میانەى کۆبونەوەى لەگەڵ سەرۆکى ژمارەیەک لە سەرۆک زانکۆکانى سعودی؛ کۆمەڵێک سکۆلەرشیپ بۆ دەرچوانى زانکۆ بەدەست دەهێنێت
پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ، سەرۆکی زانکۆی جیهان-هەولێر، کە وەک ئەندامێکی شاندێکی باڵای هەرێمی کوردستان بەشداریی لە کۆنفرانسی ساڵانەی دامەزراوەی (NAFSA) بۆ پەروەردە و خوێندنی باڵا لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کردووە، لە پەراوێزی کۆنفرانسەکەدا چەندین دیدار و کۆبوونەوەی گرنگی ئەنجامداوە، کە بووەتە هۆی بەدەستهێنانی چەندین دەرفەتی زێڕین بۆ فێرخوازان و دەرچوانى زانکۆى جیهان-هەولێر بەتایبەت و کەرتی خوێندنی باڵای هەرێمى کوردستان بە گشتى.
لەو چوارچێوەیەدا و، لە کۆبوونەوەیەکدا کە ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی (٣٠/٥/٢٠٢٥) لەگەڵ ژمارەیەک سەرۆک زانکۆى وڵاتى سعودیە ئەنجامدا، پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ وتى: کۆبوونەوەکانمان لەگەڵ نوێنەرانی زانکۆ ناسراوەکانی وڵاتی سعودیە کە بریتیبوون لە هەریەک لە زانکۆی مەلیک فەهد بۆ پەتڕۆڵ و کانزاکان (جامعة الملك فهد للبترول والمعادن)، زانکۆی ئوم ئهلقوڕا (جامعة أم القرى)، کە بە کۆنترین زانکۆی سعودیە دادەنرێت، زانکۆی مەلیک سعود (جامعة الملك سعود)، زانکۆی ئەلباحە (جامعة الباحة) و، زانکۆی مەلیک عەبدوڵا (جامعة الملك عبدالله للعلوم والتقنية) بەرهمدار بوون.
سەرۆکی زانکۆی جیهان-هەولێر ڕایگەیاند: “دوو لەو زانکۆیانە، کە بریتین لە زانکۆی مەلیک عەبدوڵا و زانکۆی ئوم ئهلقوڕا، ئامادەیی تەواوی خۆیان نیشانداوە بۆ پێشکەشکردنی کۆمەڵێک سکۆلەرشیپ (کورسی خوێندنی بەخۆڕایی) بۆ فێرخوازان و دەرچووانى زانکۆی جیهان-هەولێر. ئەم سکۆلەرشیپانە بۆ خوێندنی باڵا دەبن لە ئاستی ماستەر و دکتۆرا، و جێگای دڵخۆشییە کە ١٠٠%ی خەرجییەکانی خوێندن لە ئەستۆی ئەو زانکۆیانە دەبێت.”
هەروەها دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ ئاماژەی بەوەشکرد کە لە میانەی کۆبوونەوەکاندا گفتوگۆ لەبارەی پتەوکردنی پەیوەندییە ئەکادیمییەکان، ئاڵوگۆڕی فێرخواز و مامۆستا، و ئەنجامدانی کۆنفرانسی زانستی هاوبەش کراوە. جەختیشی کردەوە کە هەموو ئەو زانکۆیانە ئامادەیی خۆیان نیشانداوە بۆ واژۆکردنی ڕێککەوتننامەی لێکتێگەیشتن لەگەڵ زانکۆکەمان، و بڕیارە لەگەڵ گەڕانەوەیاندا کار لەسەر واژۆکردنیان بکرێت.
لە کۆتاییدا، سەرۆکی زانکۆی جیهان-هەولێر باسی لەوەشکرد کە چاوەڕوان دەکرێت شاندێک لە زانکۆی ئوم ئهلقوڕا سەردانی شاری هەولێر و زانکۆی جیهان-هەولێر بکات، هاوکات بانگهێشتیش ئاراستەی شاندی زانکۆی جیهان-هەولێر کراوە بۆ سەردانیکردنی ئەو زانکۆیانە لە سعودیە، ئەمەش وەک هەنگاوێک بۆ زیاتر چەسپاندنی هاریکارییەکان.