پێنج فێرخوازی دیکەى زانکۆی جیهان-هەولێر بۆ تەواوکردنی کۆرسێکی خوێندن بەرەو پۆڵەندی بەڕێکەوتن
لە بەردەوامى جێبەجێکردنى پڕۆژە نێودەوڵەتییەکانی زانکۆی جیهان-هەولێر بۆ ئاڵوگۆڕی زانستی، ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی (٢٥ی شوباتی ٢٠٢٦)، گرووپێکی نوێی فێرخوازانی زانکۆکە لە ڕێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێرەوە بەرەو وڵاتی پۆڵەندا بەڕێکەوتن.
ئەم گرووپە لە پێنج فێرخوازی لێهاتووی بەشە جیاوازەکان پێکهاتوون، لە(کۆسرەت ئازاد خدر و ڕەوا عبدالستار جبار) فێرخوازانى قۆناغى دووەمى بەشى مایکرۆبایۆلۆجى پزیشکى و (عبد الله مثنى عبد الرزاق محمد و احمد جبار حسن يوسف) فێرخوازانى قۆناغى سێیەمى لە بەشى نیوتریشن و دایەتێتیکس و (هێڤار هەژار محمد) فێرخوازى قۆناغى سێیەمى بەشى بایۆمیدیکاڵ لە زانکۆى جیهان-هەولێر، کە بۆ تەواوکردنی کۆرسێکی تەواوی خوێندن لە زانکۆی “وارشۆ بۆ زانستە زیندووەکان (Warsaw University of Life Sciences)”. ڕویان لەو وڵاتە کردوە.
پرۆسەی ڕەوانەکردنى ئەم فێرخوازانە لەسەر دوو بنەمای ئەکادیمیی جیاواز ڕێکخراوە؛ فێرخوازان (ئەحمەد جەبار حەسەن و هێڤار هەژار محەمەد) لە چوارچێوەی پڕۆگرامی جیهانیی (Erasmus+) کە لە لایەن یەکێتی ئەوروپاوە پاڵپشتی دارایی دەکرێن ڕەوانەکراون، بەو جۆرە بە ناردنی ئەم گرووپە نوێیە، کۆی گشتی ئەو فێرخوازانەی زانکۆی جیهان-هەولێر کە لە ساڵی ٢٠٢٣ـەوە تا ئێستا لەرێگەی پڕۆگرامی “ئێراسمۆس”ـەوە ڕەوانەی دەرەوە کراون، گەیشتە (10) فێرخواز، ئەمەش هەلێکی زێڕینە بۆ فێرخوازان تاوەکو ئاشنای سیستمە پێشکەوتووەکانی ئەوروپا بن.
هاوکات سێ فێرخوازەکەی دیکە لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی بەندەکانی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی (MoU) نێوان هەردوو زانکۆى جیهان-هەولێر و زانکۆ وارشۆ و ئاڵوگۆڕی دوولایەنە (Bilateral Exchange) گەشتەکەیان ئەنجامداوە.
لە کاتی بەڕێکردنیان لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر، پڕۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر (ئامینە سەباح مەحمود جومعە) سەرۆکى بەشى مایکۆبایۆلۆجى پزیشکى هاوەڵیی فێرخوازانی کرد و جەختی لەسەر پاراستنی ئاستی بەرزی ئەکادیمی و پابەندبوون بە ڕێسا و پرۆتۆکۆڵە زانستییەکانی زانکۆی وارشۆ کردەوە. هەفتەى ڕابردوو، فێرخوازان لەلایەن پڕۆفیسۆر دکتۆر (ئەمجەد سابر دەلۆ) سەرۆکی زانکۆی جیهان-هەولێر پێشوازییان لێکرا و لە دیدارێکی تایبەتدا کە بە ئامادەبوونی کەسوکاریان بەڕێوەچوو، کۆمەڵێک ڕاسپاردەی گرنگی ئەکادیمی، کۆمەڵایەتی و کەلتوورییان ئاراستە کردن، تاوەکو وەک باڵوێزی زانستیی شایستە نوێنەرایەتیی کوردستان بکەن. هەروەک ئەوەش بە دەستکەوتێکی دیکەی ستراتیژیی زانکۆی جیهان-هەولێر بۆ فێرخوازان لە قەڵەمدا.






