پەیامى پرۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر بە بۆنەى هاتنى ساڵى نوێى 2025
پرۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر بە بۆنەى هاتنى ساڵى نوێى (2025) پەیامێکى پیرۆزبایی بڵاوکردەوە، کە تیایدا لەگەڵ پیرۆزبایکردن لە مامۆستایان و فەرمانبەران و فێرخوازان؛ باس لە دەسکەوت و دیدگاى زانکۆ بۆ ساڵى نوێ دەکات، ئەمەى خوارەوە دەقى پەیامەکەیەتى:
بەناوى خوداى گەورە و میهرەبان
لە کاتێکدا لاپەڕەیەکى تازە بۆ ساڵی نوێ هەڵدەدەینەوە، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی مامۆستایانی دڵسۆز، توێژەرانی بەتوانا، کارمەندانی بەئەمەک و، فێرخوازە خۆشەویستەکانمان دەکەم، بەتایبەت مامۆستایان و فێرخوازان و کارمەندانى کریستییان لە زانکۆکەمان، ئومێد دەکەم ساڵی (2025)؛ ساڵى بەدیهێنانى ئاواتەکانتان بێ، لەهەمانکاتدا هیواى تەندروستی و دڵخۆشی و سەرکەوتنی بەردەوام بۆ ئێوە و ئازیزانتان دەخوازم.
بەڕێزان…بە ئاوڕلێدانەوە لە ساڵی ڕابردوو، زۆر شتمان هەیە کە باسى بکەین، چونکە ئێمە پێکەوە ئەرک و دیدگەی زانکۆی جیهان-هەولێرمان لەڕێگەی دەستکەوتە بەرچاوەکان لە بواری ئەکادیمى و خوێندن، توێژینەوە و، خزمەتکردنی کۆمەڵگەدا بەرزکردەوە، توانیمان لە ساڵى ڕابردودا بەرنامەی داهێنەرانە دەست پێ بکەین، کە ڕەنگدانەوەى خواستێکى جیهانیە، لەوانەش چەسپاندنى ئامانجەکانى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدانى بەردەوام وەک پرۆگرامى خوێندن لە زانکۆکەکەمان، کە بە (SDG) ناسراوە، هاوکات پشتگیرییەکانمان لە توێژینەوە پێشکەوتوو و کاریگەرەکان بەردەوامى هەبوو، بەتایبەت ئەو توێژینەوانەى باس لە ئاستەنگە دیارە ناوخۆیی و جیهانیەکان دەکات، لەلایەکى دیکەشەوە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ چین و توێژە جیاکانى کۆمەڵگە لە ڕێگەی دەستپێشخەرییەکانەوە، کە جەخت لە بەرپرسیارێتی کۆمەڵایەتی و پەرەپێدانی بەردەوام دەکەنەوە؛ زیاتر بەهێز کرد.
لەسەر ئاستى نێودەوڵەتیش وەک زانکۆى جیهان-هەولێر لەگەڵ هاوبەشە جیهانییەکانمان توانیمان بازنەى هاوکارییە نێودەوڵەتییەکانمان فراوانتر بکەین و، دەرفەتی ناوازە بۆ ئاڵوگۆڕی کەلتووری، پێشکەوتنی ئەکادیمی و، گەشەکردنی پیشەیی و تواناى فێرخوازانمان بڕخسێنین و، لەو چوارچێوەیەدا تا ئێستا زیاتر لە (60) فێرخوازمان ڕەوانەى زانکۆ پێشکەوتووەکان کرد. لەسەر ئاستى زانکۆشدا، جگە پەرەپێدانی ژێرخانى زانکۆ، چەندین بەشى زانستى نوێمان بۆ پڕکردنەوەى پێداویستیەکانى کۆمەڵگە کردەوە. هەموو ئەم دەستکەوتانە و چەندین دەسکەوتى دیکە لە ڕێگەی هەوڵى بێوچانى ستافى زانکۆمان و پشتگیرى گروپى کۆمپانیاکانى جیهان بووە، بۆیە بە قووڵی سوپاسگوزاری هەموتانم.
خۆشەویستان… لەگەڵ هەنگاونان بۆ ساڵی (2025)، بە ئیرادەیەکی نوێ و دیدگایەکی ڕوونتر بۆ داهاتوو کارى زیاتر و ڕێکخراوەتر دەکەین بەتایبەت بۆ بەنێودەوڵەتیکردنى زانکۆکەمان و، زیاتر دەوڵەمەندکردنی ئەزموونی فێرخوازەکانمان، ئەوەش بەگرنگیدان بە توانا و لێهاتوویی کەسی، سەرکەوتنی ئەکادیمی و پیشەیی لە بوارە جیاوازەکان بۆ ئەو مەبەستەش لە پلانماندایە ئەو فێرخوازانەى ڕەوانەى زانکۆ پێشکەوتوەکانى وڵاتانى جیهان دەکەین ژمارەیان بۆ دوو هێندەى ساڵانى ڕابردوو زیاد بکەین، هاوکات لە هەوڵە ئەکادیمی و ئەنجامدانى توێژینەوە کاریگەرەکانمان بەردەوام دەبین، بۆیە بەسودوەرگرتن لە ئامانجەکانى نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدانى بەردەوام هەوڵدەدەین بەشێوەیەکى ڕیشەیی چارەسەری ئاستەنگە ژینگەیی و زانستى و ئابورى و پزیشکى و کۆمەڵایەتیی و یاسایی و سیاسیەکانى…کۆمەڵگەکەمان بکەین و ببینە بەشێک لە چارەسەرکردنى کێشە جیهانیەکان.
دڵنیام پێکەوە ئەمساڵ دەسکەوتى گەورەتر بەدەست دەهێنین، لێرەوە هانى هەریەکێکتان دەدەم لە ڕێگەی بیرۆکەی نوێ، پڕۆژە، یان هاوکاریی و گەڵاڵەکردنى پێشنیازى زانستى نوێ؛ هاوکار و پاڵپشتى دیدگە و ستراتیژى زانکۆکەتان بکەن، هەروەها پێزانینی قووڵی خۆم بۆ هەموو ئەو کارانە دەردەبڕم کە ئێوە پێشکەشى دەکەن بۆ ئەوەی زانکۆی جیهان-هەولێر هەمیشە وەک چرایەکی نایاب و ناوەندێکى داهێنان و پێشەنگ لە ئاسمانى هەرێمى کوردستان و جیهان بدرەوشێتەوە.
جارێکی تر ساڵی نوێتان پیرۆز بێت، بەهیوام ساڵی (2025) بکەینە ساڵی پێشکەوتن و سەرکەوتنى هاوبەش، ساڵى خۆشگوزەرانی و گەشەکردن و یەکڕیزی بێت بۆ هەموومان.
پڕۆفیسۆر
دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ
سەرۆکی زانکۆی جیهان-هەولێر