پەیامی پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ، سەرۆکی زانکۆی جیهان-هەولێر، بەبۆنەی دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندنی ٢٠٢٥-٢٠٢٦
بەناوی خوای گەورە و میهرەبان
فێرخوازە خۆشەویستەکان
مامۆستایانی بەڕێز
کارمەندانی ماندوونەناس
ئەندامانی ئەنجومەنی زانکۆ
بە بۆنەی دەستپێکی ساڵێکی نوێی خوێندن، ساڵی ٢٠٢٥-٢٠٢٦، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی سەرجەم فێرخوازانی خۆشەویست دەکەم کە بە سەرکەوتوویی قۆناغێکی نوێی خوێندنیان بڕیوە و ،ئەمسال لە قۆناغێکی نوێی خوێندن هەنگاو بۆ داهاتوویەکی گەشتر دەنێن، هیوای سەرکەوتن و بەدیهێنانی تەواوی خەون و ئامانجەکانتان بۆ دەخوازم، هەروەک ئومێد دەهوازم ئەم ساڵی نوێی خوێندنتان پڕ بێت لە زانست و زانیاری و دەسکەوتی نوێ.
فێرخوازانی ئازیز…
مامۆستایانی بەڕێز..
وەک ئەزانن ڕۆژی یەکشەممەی داهاتوو، ڕێکەوتی ٧/٩/٢٠٢٥، یەکەم ڕۆژی دەستپێکی ساڵی خوێندنە لە زانکۆی جیهان-هەولێر، لەم ڕۆژەدا بە دڵێکی کراوە و گەرم پێشوازیتان لێدەکەین و ئامادەیی تەواومان هەیە بۆ پاڵپشتیکردنتان.
هەر بەو بۆنەیەوە بە پێویستی دەزانم ئاماژە بە چەند دەسکەوتێکی گرنگی زانکۆمان بکەم لە ساڵی خوێندنی ڕابردوودا، بەتایبەت لە پشتیوانیکردنی چەندین گروپی فێرخوازان و ناردنیان بۆ دەرەوەی وڵات بۆ زانکۆ و ناوەندە زانستییەکانی دەرەوەی وڵات، بە مەبەستی بەدەستهێنانی ئەزموون و زانستی نوێ و ئاشنابوون بە سیستمی خوێندنی پێشکەوتوو.
هاوکات لە ساڵی رابردودا زانکۆمان توانیویەتی چەندین ڕێککەوتن و یاداشتی لێکگەیشتن لەگەڵ زانکۆ و دامەزراوە زانستییە نێودەوڵەتییەکاندا واژۆ بکات، ئەمەش کاریگەرییەکی زۆری هەبووە لە بەرزکردنەوەی ئاستی زانستی زانکۆ و دابینکردنی هەلی باشتر بۆ فێرخوازان و مامۆستایان، هاوکات بە شانازییەوە ڕادەگەیەنین زانکۆکەمان لە ڕیزبەندییە نێودەوڵەتییەکاندا لە ساڵی ڕابردودا پێشکەوتنێکی بەرچاوی بەدەستهێناوە، ئەمەش دەرئەنجامی ماندووبوون و هەوڵی بێوچانی سەرجەم مامۆستایان و کارمەندان و فێرخوازانمان بووە.
لەلایەکی دیکەوە زانکۆی جیهان-هەولێر لە ساڵی خوێندنی ڕابردودا وەک یەکەم زانکۆ لە هەرێمی کوردستان و عێراقدا بڕیاری دا بە زیادکردنی بابەتی (ئامانجەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدانی بەردەوام – SDGs) و (ژیری دەستکرد – AI) وەک دوو بابەتی سەربەخۆ و خوێندنیان لەسەرجەم بەشە زانستییەکاندا. ئەم هەنگاوە گرنگە نیشانەی ئاراستەی زانکۆمانە بۆ پەرەپێدان و هاوکاریکردنی کۆمەڵگە لەسەر ئاستی جیهانی و نیشتمانی.
هەر لەم بۆنەیەدا، دووپاتی دەکەینەوە سەرۆکایەتی زانکۆ بە هەموو شێوەیەک پاڵپشت و کارئاسانی بۆ سەرکەوتنی پڕۆسەی خوێندن لە ساڵی نوێدا دەکات، هەروەک جەخت لەوە دەکەینەوە کە زانکۆمان بۆ ساڵی نوێی خوێندن بە ستراتیژ و پڕۆگرامی نوێ و پێشکەوتوو بەردەوامی بە دەسکەوتە زانستییەکانی بۆ فێرخوازان و بواری زانستی و کۆمەڵگە بە گشتی دەدات و، هەمیشە هەوڵدەدەین زانکۆکەمان ببێتە ناوەندێکی پێشەنگ لە بوارەکانی زانست و توێژینەوە و داهێناندا.
دوبارە بەخێرهاتنتان دەکەم و هیوای ساڵێکی پڕ لە سەرکەوتن و خۆشی بۆ هەمووان دەخوازم.
پڕۆفیسۆر
دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ
سەرۆکی زانکۆی جیهان-هەولێر