پەیامی پیرۆزبایی سەرۆکی زانکۆی جیهان-هەولێر بەبۆنەی دەستکەوتی نوێی زانکۆ لە ڕیزبەندی نێودەوڵەتیی “EduRank”
ئەندامانی ئەنجومەنی زانکۆ
مامۆستایان، توێژەرانی دڵسۆز
فێرخوازانی ئازیز و کارمەندانی تێکۆشەر
پیرۆزبایی و دەستخۆشی
بە شانازییەکی زۆر و بە ناوی سەرۆکایەتی زانکۆی جیهان-هەولێرەوە، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی یەکەکەتان دەکەم بەبۆنەی تۆمارکردنی دەستکەوتێکی زانستیی بێوێنە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی. بەپێی نوێترین ڕیزبەندیی دامەزراوەی سەربەخۆی جیهانی (EduRank.org)، زانکۆی جیهان-هەولێر توانیویەتی پلەی یەکەم لەسەر ئاستی تەواوی زانکۆ تایبەتەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان بەدەستبهێنێت.
ئەم سەرکەوتنی ئێمە تەنها ژمارەیەک نییە، بەڵکو گوزارشتە لە پێگەیەکی زانستیی پتەو؛ بە جۆرێک زانکۆکەمان لە پلەی یەکەمى زانکۆ تایبەتەکانى عێراق و، (15)یەمی تەواوی زانکۆ حکومی و تایبەتەکانی عێراق دێت و لەسەر ئاستی جیهانیش لە نێوان زیاتر لە (14) هەزار دامەزراوەی خوێندنی باڵا، پێگەیەکی شایستەی داگیر کردووە. ئەم ڕیزبەندییە پشتڕاستکردنەوەیەکە بۆ قورسایی و کوالێتی توێژینەوە زانستییەکانمان، کە تا ئێستا بە هەزاران توێژینەوەی بڵاوکراوە لە بوارە ستراتیژییەکانی (ئەندازیاری، فیزیا، کیمیا و بایۆلۆژی…هتد) و، زیاتر لە (21) هەزار ئاماژەپێدانی زانستی (Citations) بۆ تۆمار کراوە.
ئەم دەستکەوتە مەزنە، سەلمێنەری دروستیی ئەو پلان و ستراتیژەیە کە سەرۆکایەتی زانکۆ لە ساڵی ٢٠٠٧ـەوە بۆ بەرزکردنەوەی کوالێتی خوێندن و بایەخدان بە داهێنان و توێژینەوەی زانستی دایڕشتووە. ئەم ئەنجامە تەواوکەری زنجیرە سەرکەوتنەکانی پێشوومانە، ئەمە پەیامێکی ڕوونە بۆ جیهانی ئەکادیمی کە زانکۆی جیهان-هەولێر تەنها دامەزراوەیەکی فێرکاری نییە، بەڵکو ناوەندێکی پێشەنگ و باوەڕپێکراوی بەرهەمهێنانی مەعریفەیە لە ناوچەکەدا.
بەو پەڕی پێزانینەوە، دەستخۆشی لە شەونخونیی مامۆستایان و توێژەرە لێهاتووەکانمان دەکەم کە بوونە هەوێنی ئەم درەوشانەوەیە. هەروەها دڵنیایی دەدەینە فێرخوازانی ئازیزمان کە بڕوانامە و کارە زانستییەکانیان لە ئاستی نێودەوڵەتیدا جێگەی متمانەن. بوونی ناوی زانکۆکەمان لەم لیستە جیهانییانەدا، پاڵنەرێکی بەهێز دەبێت بۆ ئێمە تاوەکو بەردەوام بین لە جێبەجێکردنی پلانە ستراتیژییەکانمان و جێهێشتنی پەنجەمۆری زانستی لە ئایندەی وڵاتەکەماندا.
دووبارە پیرۆزە لە خێزانی زانکۆی جیهان-هەولێر و بەرەو سەرکەوتنی گەورەتر.
پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ
سەرۆکی زانکۆی جیهان-هەولێر
٢٢ی شوباتی ٢٠٢٦





