پەیمانگەى پەروەردەى نێودەوڵەتی (IIE) سوپاس و پێزانین پێشکەش بە زانکۆى جیهان-هەولێر دەکات
پەیمانگەى پەروەردەى نێودەوڵەتى کە بارەگاى سەرەکى لە ویلایەتە یەکگرتوەکانى ئەمریکایە، چەندین پرۆگرامى جۆراوجۆرى هەیە، یەکێک لەو پرۆگرامانەش بریتیە لە (سندوقى ڕزگارکردنى زانایان)، کە ساڵانە لە ڕێگەى ئەم پرۆگرامەوە (IIE) بەهاوکارى زانکۆ و دامەزراوە زانستیەکان لەسەر ئاستى وڵاتانى جیهان هاوکاری ئەکادیمی پێشکەش بەو زانا و ئەکادیمیستانە دەکات، کە ژیان و کارەکانیان لە وڵاتەکانی خۆیاندا مەترسی لەسەرە.
لەو چوارچێوەیەدا و، لەساڵى (٢٠١٩)ەوە زانکۆى جیهان-هەولێر (٤) سکۆلەرشیپى پێشکەش بە (٤) چوار مامۆستا و توێژەرى وڵاتى یەمەن کردوە، کە بەهۆى خراپى دۆخى ئەمنى لە وڵاتەکانیان هەڕەشە و مەترسى لەسەر ژیانیان دروست بووە، بۆ ئەو مەبەستەش لەسەر ڕاسپاردەى دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر؛ بەڕێوەبەرایەتى پەیوەندییە نێودەوڵەتیەکانى زانکۆ تەواوى کارئاسانى پێشکەش بەو مامۆستا و توێژەرانە کرد و، ڕۆژانە لە زانکۆى جیهان-هەولێر کارەکانیان ڕایی دەکەن.
لە بەرامبەر ئەو هاوکارى و بەدەنگەوەهاتنەى زانکۆى جیهان-هەولێر و پاڵپشتیکردنى لە پرۆگرامى (سندوقى ڕزگارکردنى زانایان) دکتۆر ئالان ئی.گودمان (DR.Allan E.Goodman) بەڕێوەبەرى پەیمانگەى پەروەردەى نێودەوڵەتی (Institute of International Education) سوپاسنامەیەکى پێشکەش بە زانکۆى جیهان-هەولێر کرد و تیایدا هاتووە “سوپاسێکى قوڵتان پێشکەش دەکەین بۆ هەوڵە نائاساییەکانتان بۆ پاراستنى ژیان و بیرۆکەى کارى زاناى هەڕەشەلێکراوى یەمەن بەدابینکردنى پەناگەیەکى ئەکادیمى سەلامەت لە زانکۆى جیهان. سوپاس بۆ هاوبەشیتان لەگەڵ سندوقى ڕزگارکردنى زانایان لە (IIE)، پشتگیرییەکانتان بەرز دەنرخێنین”.
پەیمانگەى پەروەردەى نێودەوڵەتى (IIE)، لە ساڵی (١٩١٩)ەوە دامەزراوە؛ دامەزرێنەرانی پێیان وابوو پەروەردەی نێودەوڵەتی دەتوانێت جیهانێکی ئارام و یەکسانتر بۆ زانایان بونیاد بنێت؛ هەربۆیە ساڵانە هاوکارى زیاتر لە (٢٩) هەزار کەس لە (١٨٠) وڵات لە ڕێگەی چەند بەرنامەیەک دەکەن.