کونسڵگەرى ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا ڕاهێنان بە فێرخوازانى زانکۆی جیهان-هەولێر لەبارەى “رۆژنامەگەری و زیرەکی دەستکرد” دەکات
کونسڵگەرى ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا لە هەرێمى کوردستان خولێکی ڕاهێنانی پیشەیی بەناونیشانى “ڕۆژنامەگەری و زیرەکی دەستکرد” بۆ ژمارەیەک لە فێرخوازان و میدیاکاران کردەوە، لەو چوارچێوەیەشدل دوو فێرخوازى بەشی ڕاگەیاندن لە زانکۆی جیهان-هەولێر بەشداریان لە خولەکەدا کرد و بڕوانامەى بەشدارییکردنیان پێ بەخشرا.
بەئامانجى ئاشناکردنی فێرخوازان بە نوێترین ئەپڵیکەیشنە تەکنەلۆژییەکان لە بواری ڕۆژنامەگەری و، گرنگیدان بە بەکارهێنانی زیرەکی دەستکرد لە پەرەپێدانی کاری میدیایی و، لە چوارچێوەی پاڵپشتیکردنی ئامانجەکانی پەرەپێدانی بەردەوام، بەتایبەتی ئامانجی چوارەمی پەیوەست بە خوێندنی کوالیتی، و ئامانجی نۆیەم کە پەیوەندی بە داهێنان و ژێرخانەوە هەیە، لە ڕۆژانى (١٦ تا ١٨/١/٢٠٢٤) لە هۆتێل کلاسى لە عەینکاوە خولەکە بەڕێوەچوو، کە تیایدا بەشێوەیەکى تیورى و پراکتیکى ڕاهێنان بە فێرخوازان و بەشداربوانى خولەکە کرا.
لەسەر ئاستى زانکۆى جیهان-هەولێر هەریەک لە فێرخوازان (بەرزان تاهیر و بنەوشە پێشڕەو) فێرخوازانى قۆناغى چوارەمى بەشى ڕاگەیاندن بەشداریان تێدا کرد، لە میانەى خولەکەدا لەلایەن پسپۆڕانی میدیا و تەکنەلۆژیا لە ئەمریکاوە باس لەم بابەتانەى خوارەوە کرا (چۆنیەتی بەکارهێنانی زیرەکی دەستکرد لە پشتڕاستکردنەوەی هەواڵەکاندا، شیکاری داتا گەورەکان لە بواری میدیادا، لەگەڵ داڕشتنی ناوەڕۆکی میدیا بە بەکارهێنانی تەکنیکەکانی زیرەکی دەستکرد). لەو بارەیەوە فێرخوازانى بەشداربوو وتیان خۆشحاڵبووین بەشداریمان لەخولی ڕاهێنانی ڕۆژنامەگەری بۆ بەرپەرچدانەوەی زانیاری چەوتی مەبەستدار و دروستکراوی ژیری دەست کرد ، چونکە لەماوەی خولەکەدا، چەندین بابەتی گرنگی پەیوەست بەکاری ڕۆژنامەگەری فێربووین، وەک : کوالێتی ڕۆژنامەوانی،کوالێتی ستاندارتی ڕۆژنامەوانی ، ژینگەی میدیایی لەسایەی تەکنەلۆژیادا، دۆخی شڵۆقی زانیاری، هەواڵی ساختە و ساختە هەواڵ چیە، هاوکات هەر لە میانەى خولەکەدا فێرى چەندین تەکنیکی نوێ بووین بەتایبەت لەبارەى چۆنیەتی بەکارهێنانی (AI) لەکاری ڕۆژنامەنوسیدا، وەک: بەکارهێنانی ئامرازەکانی (AI) بۆ شیکردنەوەی داتا و دۆزینەوەی چیرۆکە هەواڵییەکان، چۆنیەتی بەکارهێنانی ( AI) بۆ وەرگێڕان و پوختکردنەوەی دەق، پاراستنی ستانداردە ئەخلاقییەکانی ڕۆژنامەگەری لەکاتی بەکارهێنانی ( AI) و، بەکارهێنانی ( AI) بۆ پەرەپێدانى ناوەڕۆک و باشترکردنی کوالێتی نووسین. هەردوو فێرخوازى بەشى ڕاگەیاندن دەڵێن خولەکە دەرفەتێکی گرنگی پێدان بۆ باشتر تێگەیشتن لە داهاتووی پیشەی ڕۆژنامەنووسی و ،چۆنیەتی گونجاندنی تەکنەلۆژیا نوێیەکان لەگەڵ بنەما سەرەکییەکانی ڕۆژنامەگەریدا.
لەو چوارچێوەیەدا، مامۆستاى یاریدەدەر ئەزوەر مەهدى قاسم ئاغا سەرۆکى بەشی ڕاگەیاندن لە زانکۆی جیهان-هەولێر، ستایشی خولی ڕاهێنانەکەی کرد و، جەختی لە گرنگی پێدانی زانیاری و لێهاتوویی پێویست بۆ فێرخوازان لەگەڵ پێشکەوتنە خێراکانی بوارەکەدا کردەوە بەتایبەت لە بوارى میدیای دیجیتاڵی وتیشى : “ئەم خولە هەنگاوێکی گرنگە بۆ پەرەپێدانی تواناکانی فێرخوازانمان ئاشناکردنیان بە ژینگە و بازاڕى کار”.