گروپێک لە فێرخوازانى بەشی تەکنیکی سڕکردن لە زانکۆی جیهان – هەولێر بەشدارى لە یەکەمین کۆنفرانسی سڕکردنی عێراق دەکەن
لە ڕۆژانى (١٢و ١٣/٩/٢٠٢٥) بە چاودێری سەندیکای پیشە تەندروستییەکان و، بە هاوکاری وەزارەتی تەندروستی عێراق و، بەهاوبەشى ئەکادیمیانەی دامەزراوەی ( NERDGENIC) ، یەکەمین کۆنفرانسی سڕکردنی عێراق (IAC – Iraq Anesthesia Conference 2025) لە شارى بەغداد بەڕێوەچوو.
لەو چوارچێوەیەدا گروپێک لە فێرخوازانى قۆناغى سێیەمى بەشی تەکنیکی سڕکردن لە زانکۆی جیهان – هەولێر، بە سەرپەرشتی پڕۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر موحسین ئەلغەزی سەرۆکی بەش، بەشدارییان لە چالاکییەکانی ئەم کۆنفرانسە زانستیەدا کرد، لەو کۆنفرانسەدا کە بە ئامادەبوونى ژمارەیەک لە پڕۆفیسۆر و پزیشکی پسپۆڕ و فێرخوازان و دەرچوانى بەشەکانى تەکنیکى سڕکردن لە زانکۆ جیاوازەکانی عێراق بەڕێوەچوو، تێیدا نوێترین پێشهاتە زانستییەکان و تەکنیکە نوێیەکان لە بواری سڕکردندا خرانەڕوو، جگە لە پێشکەشکردنی چەندین توێژینەوەى زانستى ئاست بەرز لە بوارە جیاکانى پەرەپێدانى ئەم زانستە بەشێوەیەکى پراکتیکى و تیورى لە عێراق.
فێرخوازانى بەشى تەکنیکى سڕکردن لە زانکۆى جیهان-هەولێر، کە پێکهاتبوون لە هەریەک لە سەعدی ئەحمەد سەعدی، منة الله ضياء محەمەد، ئایە ئەنوەر محەمەد عەلی، ضي باسم محمد، سارا ئەرکان جەمیل و، سەعید عامر محەمەد، لە ڕۆژانى کۆنفرانسەکەدا بەشدارییەکى کارایی پانیڵ و وۆرکشۆپ و چالاکیەکانى دیکەیان کرد و، لە نزیکەوە ئاشناى نوێترین پەرەسەندنە زانستییەکان و ژینگەی پیشەکە و دروستکردنی پردی زانستی لەگەڵ کادیر وپسپۆڕ و شارەزا نیشتمانییەکان بوون، هەروەک کۆنفرانسەکە بووە وێستگەیەکى دیکەى گرنگ بۆ ئامادەکردنى فێرخوازان بۆ بازاڕى کار.
لە کۆتایی کۆنفرانسەکەدا، خوێندکارانی زانکۆی جیهان – هەولێر خەڵاتی ڕێزلێنان و بڕوانامەی بەشدارییان پێبەخشرا، وەک پێزانینێک بۆ ئامادەبوونی کارایان و بەشدارییان لە دەوڵەمەندکردنی کەشوهەوای گفتوگۆی زانستی و کردارى چالاکیەکانى کۆنفرانس.