گروپێک لە فێرخوازانی بەشی زمانی ئینگلیزی سەردانێکی زانستییان بۆ کتێبخانەی گشتیی هەولێر (زەیتون) ئەنجامدا
بەمەبەستی ئاشنابوونی زیاتر بە سەرچاوە زانستییەکان و پەرەپێدانی لێهاتووییەکانی توێژینەوەی ئەکادیمی، ڕۆژی سێشەممە، ڕێکەوتى (٢٠/١/٢٠٢٦)، گروپێک لە فێرخوازانی قۆناغی چوارەمی بەشی زمانی ئینگلیزی، بە سەرپەرشتی مامۆستا (پۆڵا تەحسین محەمەد)، سەردانێکی زانستی مەیدانییان بۆ کتێبخانەی گشتیی هەولێر (زەیتون) ڕێکخست.
لە سەرەتای سەردانەکەدا، فێرخوازان لە لایەن (نێچیرڤان فەرهاد یاسین)، یەکێک لە کادیرە کارگێڕییە کاراکانی کتێبخانەکە، پێشوازییان لێکرا. پاشان کورتەیەکی دەربارەی مێژووی دامەزراندنی کتێبخانەکە و گرنگییەکەی وەک ناوەندێکی ڕۆشنبیری و زانستی لە شاری هەولێر پێشکەش کرد. ئاماژەی بەوەش دا کە کتێبخانەکە پتر لە ٣٠٠٠ ناونیشانی جۆراوجۆر لە بوارە ئەکادیمی و ئەدەبییەکان بە زمانەکانی (کوردی، ئینگلیزی، عەرەبی) لەخۆدەگرێت، کە سەرچاوەی دەوڵەمەندن بۆ توێژەران.
هاوکات لە میانی ئەم بەسەرکردنەوەیەدا، فێرخوازان چەندین زانیاری گرنگیان لە لایەن بەرپرسانی کتێبخانەکەوە پێدرا و، لە نزیکەوە ئاشنای چۆنیەتی بەکارهێنانی سیستمی کەتەلۆگی ئەلیکترۆنی بوون بۆ دۆزینەوەی خێرای کتێب و سەرچاوەکان، ئەمەش کارئاسانییەکی گەورەیە بۆ فێرخوازانی قۆناغی چوارەم لە کاتی نووسینی توێژینەوەی دەرچوونیان، هەروەها تیشک خرایە سەر جیاوازی نێوان سەرچاوە لاوەکییەکان و گۆڤارە زانستییە باوەڕپێکراوەکان (Peer-reviewed Journals) و چۆنیەتی سوودوەرگرتن لێیان لە بەهێزکردنی لایەنی تیۆری توێژینەوەکانیان.
لە کۆتایشدا فێرخوازان ئاشنای هۆڵەکانی خوێندن و ئەو خزمەتگوزارییانە بوون کە کتێبخانەکە بۆ خوێنەرانی دابین دەکات، وەک ژینگەیەکی هێمن و گونجاو بۆ خوێندنەوەی چڕ، بۆ ئەوەش فێرخوازان سوپاس و دەستخۆشیان لە بەڕێوەبەرانى کتێبخانەکە کرد بۆ ڕەخساندنى ئەو ژینگەیە و ئاشنابوون بە کتێبخانەکە.







