گروپێک لە فێرخوازانی بەشی ڕاگەیاندن باس لە میدیای سیاسی و کاریگەرییەکانی دەكەن
ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی 28-1-2026 بەشێک لە فێرخوازانی قۆناغی سێیەمی بەشی ڕاگەیاندنی زانکۆی جیهان-هەولێر، بەسەرپەرشتیی مامۆستای یاریدەدەر (دڵان ئیسماعیل مەولوود) سەردانی لێژنەی ناوچەی ئایندەیان کرد و، سیمینارێکیان بەناونیشانی (میدیای سیاسی و کاریگەرییەکانی لەسەر ڕای گشتی) پێشکەش کرد.
هەریەکە لە فێرخوازان (موحەممەد غەنی، شەپۆل موحەممەد، عەلی عومەر) لەلایەن (سۆران بارزان خەیری)، بەرپرسی ڕاگەیاندنی قوتابیان لە زانکۆکانی (جیهان، تیشک، سابیس، گەشە)وە پێشوازییان لێ کرا، دەستخۆشیی ئاڕاستەی فێرخوازان کرد لە بەرامبەر ئەو دەسپێشخەرییەیان بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاریی دەربارەی پرسێكی گرنگی وەك میدیای سیاسی.
لە بەشی یەكەمی سیمینارەكەدا، فێرخواز (موحەممەد غەنی) بە وردیی تیشکی خستە سەر چەمکی میدیای سیاسی و ئەو بنەما زانستییانەی کە دەبنە هۆی درووستکردنی کاریگەریی لەسەر ئاڕاستەکردنی ڕای گشتی. لە بەشی دووەمی سیمینارەکەدا، فێرخواز (شەپۆل موحەممەد) تیشكی هستە سەر ئامڕازە جیاوازەکانی میدیای سیاسی و شیکردنەوەی ئەو ئامانجە ستراتیژییانەی كە لایەنەکان لەڕێگەی پەیامە میدیاییەکانەوە پەیڕەویی دەکەن. لە بەشی کۆتایی سیمینارەکەدا، فێرخواز (عەلی عومەر) جەختی لەسەر چۆنیەتی خۆپاراستنی تاک و کۆمەڵگە لە کاریگەرییە نەرێنییەکانی پڕوپاگەندە و ناسینەوەی میدیای سیاسیی چەواشەکار کردەوە.
لە کۆتاییدا، بەرپرسی ڕاگەیاندنی ڕێکخراوی زانکۆکان سوپاسی ئاڕاستەی هەرسێ فێرخواز کرد بۆ پێشکەشکردنی ئەو سیمینارە گرنگە، خۆشحاڵی خۆی بۆ ئاستی زانستی و توانای بەرزی فێرخوازان دەربڕی، جەختی کردەوە لە بایەخی هەڵبژاردنی ئەم بابەتە بۆ هۆشیارکردنەوەی هاووڵاتیان و جیاکردنەوەی میدیای سیاسیی بەرپرس لە میدیای تێکدەر.







