گروپێکى نوێى فێرخوازانی زانکۆى جیهان-هەولێر بۆ تەواوکردنى کۆرسێکى خوێندن گەیشتنە زانکۆى وۆچ لە پۆڵندا
سێ فێرخوازى دیکەى زانکۆى جیهان-هەولێر گەیشتنە پۆڵندا بۆ تەواوکردنى کۆرسێکى خوێندن لە زانکۆى وۆچ (University of Lodz) لە پۆڵندا.
لە بەردەوامى کارە هاوبەشەکان زانکۆی جیهان-هەولێر لەگەڵ دامەزراوە نێودەوڵەتیەکاندا و، بۆ ئاڵوگۆڕی زانستی و ڕاهێنانی فێرخوازان؛ هاوکات لەبەر ڕۆشنایی واژۆکردنى یاداشتنامەکانى زانکۆى جیهان-هەولێر لەگەڵ زانکۆى وۆچ (University of Lodz) بۆ ساڵى خوێندنى (٢٠٢٤-٢٠٢٥) دووەمین گروپى فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر گەیشتنە ئەو زانکۆیە.
ئەم گروپە لە (٣) سێ فێرخواز پێکهاتووە، ئەوانیش بریتین لە هەریەک لە دیار ئەسکندەر سلیم بابەکر و، محمد وریا خضر لە بەشی (زانستى کۆمپیوتەر) و، ئارام ئەحمەد هەمزە لە بەشى (زمانى ئینگلیزى)، ئەم گروپەش لەسەر بنەماى پێوەرە زانستیەکانى نێوان زانکۆى جیهان-هەولێر لەلایەک و، زانکۆى وۆچ (University of Lodz) لە بەر ڕۆشنایی خاڵەکانى ڕێکەوتنامەیەکى نێوانیان دەستنیشان کراون.
ئەم گروپەى فێرخوازان لە کۆتایی مانگى ڕابردوو لەلایەن پرۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر بەرەو پۆڵندا بەڕێکران، بەر لە بەڕێکردنیان لە دانیشتنێکدا کە بە ئامادەبوونى کەسوکاریان بەڕێوەچوو، سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر کۆمەڵێک ئامۆژگارى و ڕاسپاردەى زانستى و ئەکادیمى و کۆمەڵایەتى و کەلتور ئاراستەى فێرخوازان کرد. لە ئێستادا ئەم گروپە گەیشتونەتە ئەو وڵاتە و، واش بڕیارە لە چەند ڕۆژى داهاتوودا بەپێى پسپۆڕییەکانیان دەست بە کۆرسێکى خوێندن لەو وڵاتە بکەن.