یەکەمین کۆڕەبەندى دەزگاى زەکاتى زانستى لە زانکۆى جیهان-هەولێر بەڕێوەچوو
ئەمڕۆ دووشەممە ڕێکەوتى (٥/٥/٢٠٢٥) بە ئامادەبوونى عەبدوڵلا مەحمود محەمەد وەزیى کاروبارى شەهیدان و ئەنفالکراوەکان و، پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر و، دکتۆر نەوزاد یەحیا باجگر سەرۆکى دەستەى ئەمینداریەتى زانکۆ و پەیمانگەکانى جیهان و، سەرۆکى ژمارەیەک لە زانکۆ و دامەزراوە زانستى و ئەکادیمیەکان و بەرپرسانى حکومى و ئەکادیمى لە زانکۆى جیهان-هەولێر یەکەمین کۆڕبەندى دەزگاى زەکاتى زانستى بەڕێوەچوو.
کۆڕەبەندەکە بەساتێک ڕێزگرتن بۆ گیانى پاکى شەهیدان دەستى پێکرد، پاشان پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر وتەى بەخێرهاتنى پێشکەشکرد، لە میانەى وتەکەیدا سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر باسى لە گەڵاڵەکردنى بیرۆکەى دامەزراندنى دەزگاى زەکاتى زانستى کرد و، وتى: بیرۆکەى دامەزراندنى ئەم دەزگایە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵ و نیوێک لەومەبەر، کە لەلایەن براى بەڕێزم دکتۆر نەوزاد یەحیا باجگر سەرۆکى دەستەى ئەمینداریەتى زانکۆکانى جیهان باسکرا، وتیشى بیرۆکەکە هەر لەسەرەتاوە زۆر بەگەرمى پێشوازى لێکرا و، دواتریش بەهەوڵ و هیمەتى هەموو لایەک لایەنەکانى دەوڵەمەندکرا و ژێرخانێکى پتەوى بۆ دانرا، بۆ نموونە لە دامەزراوەکانى جیهان زیاتر لە ٦٠٠ کادیرى زانستیمان هەیە، ئەوە کەرەستەیەکى زۆر گرنگە بۆ ئەوەى کارەکانى ئەم دەزگایە بە باشى بەڕێوەبەرین، ڕاستە ئێمە پێشتر هەمومان ئاشناى زەکاتى مالى بوین، بەڵام ئەم دەزگایە بەئامانجى خزمەتکردنى کۆمەڵگە لەسەرجەم بوارەکان، هەر لە وتارەکەیدا سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر باسى لە پێویستى دامەزراندنى ئەم دەزگایە کرد بۆ خزمەتکردن بە کۆمەڵگە لە ڕێگەى کارى خۆبەخشى لە بوارە جۆراوجۆرەکان، دواتریش پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ باسى لە ستافى زانکۆى جیهان-هەولێر کرد، کە چۆن لە ڕابردوو بە ڕێگەى جیاواز کاریان بۆ بەخشینى زانست و خزمەتکردنى کۆمەڵگە کردوە، وتیشى لە ڕێگەى دامەزراندن و ڕاگەیاندنى ئەو دامەزراوەیە بەشێوەیەکى ڕێکخراوتر کارەکان ڕایی دەکەین.
لە بەشێکى دیکەى مەراسیمى ڕاگەیاندنى کۆربەندەکەدا، دکتۆر نەوزاد یەحیا باجگر سەرۆکى دەستەى ئەمینداریەتى زانکۆ و پەیمانگەکانى جیهان لە وتارێکدا دڵخۆشى خۆى بە ڕاگەیاندنى ئەو دەزگایە ڕاگەیاندن و هیواى خواست دەزگاکە ببێتە سەرەتا و بناغەیەکى گرنگ بۆ دامەزراندنى دەزگاى هاوشێوە لە کوردستان و عێراق و تەنها جیهانیش، لە بەشێکى دیکەى قسەکانیدا سەرۆکى دەستەى ئەمینداریەتى زانکۆ و پەیمانگەکانى جیهان دواى ناساندن و پێناسەکردنى دامەزراوەکە ئینجا باسى لە دیدگە و ئامانج و کارەکانى دامەزراوە لە بوارە جیاوازەکان کردەوە، بۆ ئەوەش جەختى لەسەر ئەوە کردەوە لە ئەمڕۆوە دامەزراوەکانى پەروەردەیی و ئەکادیمى و زانستیەکانى سەر بە گروپى جیهان دەست بەکارەکانیان دەکەن و، لە بوارى جیاواز وەک خۆبەخش ناویان خۆیان تۆمار دەکەن و خزمەت بە سێکتەرە جیاوازەکانى کۆمەڵگە دەکەن، لە بەشێکى دیکەى قسەکانیدا دکتۆر نەوزاد یەحیا باجگر بانگهێشتى سەرجەم زانکۆ و دامەزراوەکانى دیکە کرد بۆ ئەوەى لە چوارچێوەى ئەو دەزگایە کۆببنەوە و بە زانست و مەعریفە و چالاکى جۆراوجۆر خزمەت بە کۆمەڵگە بکەن، وەک ئەو ئاماژەى بۆ کرد ئەرکى زانکۆ تەنها فێرکردنى فێرخواز نیە، بەڵکو پێویستە هەوڵ بدات هاوکارى چین و توێژە جیاوازەکانى کۆمەڵگە بکات بۆ ئەوەى پەرە بە تواناکانیان بدەن و کار و پیشەى جیاواز بدۆزنەوە و، دەستگیرۆیی ئەو کەسانە بکەن کە پێویستیان بە کۆمەک و هاوکارى و پاڵپشتیکردن هەیە.
هەر لەو مەراسیمى ڕاگەیاندنى دەزگاى زەکاتى زانستدا، دکتۆر بەشیر حەداد جێگرى سەرۆکى پێشوى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق دواى دەستخۆشیی و پیرۆزبایکردن لە دکتۆر نەوزاد یەحیا باجگر سەرۆکى دەستەى ئەمینداریەتى زانکۆ و پەیمانگەکانى جیهان و ستافى زانکۆى جیهان، جەختى لە گرنگى ئەم دەزگایە بۆ خزمەتکردنى کۆمەڵگە کردەوە، بۆ ئەوەش ڕاگەیاند وەک چۆن زەکات دەرکردن لە سامان ئەرکێکى ئاینیە بەهەمان شێوە لە بوارى زانستیش بەخشینى زانست ئەرکێکى ئاینیە بۆ ئەوەش بەڵگەى بە چەندین ئایەت و فەرمودەى پیرۆز هێنایەوە، لە کۆتایی قسەکانیشیدا هیواى سەرکەوتنى بۆ کار و ئامانجەکانى دەزگاکە خواست.
لە بەشى کۆتایی مەراسیمەکەدا، دکتۆر نەوزاد یەحیا باجگر سەرۆکى دەستەى ئەمینداریەتى زانکۆ و پەیمانگەکانى جیهان درعى دامەزراوەى جیهانى پێشکەش بەسەرۆکى زانکۆ و ڕاگرى پەیمانگە و بەڕێوەبەرى قوتابخانەکانى سەر بە گروپى جیهان کرد، بە کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەوانى و وەڵامدانەوەى پەیامنێران و نێردراوانى ڕاگەیاندن لەلایەن پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر و، دکتۆر نەوزاد یەحیا باجگر سەرۆکى دەستەى ئەمینداریەتى زانکۆ و پەیمانگەکانى جیهان کۆتایی بە مەراسیمەکە هات.