یەکەمین گروپى فێرخوازانی زانکۆی جیهان-هەولێر بۆ خولێکی ڕاهێنان گەیشتنە وڵاتی چیک
ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی (31/1/2026)، گروپێک لە فێرخوازانی زانکۆی جیهان-هەولێر لە ڕێگەى فرۆکەخانەى نێودەوڵەتى هەولێرەوە گەیشتنە وڵاتى چیک. ئەم گەشتە زانستییە لەبەر ڕۆشنایی ڕێکەوتنامەی لێکتێگەیشتنی ئەکادیمی (MOU) لە نێوان زانکۆی جیهان-هەولێر و زانکۆی پالاجکی (Palacký University Olomouc) ئەنجامدراوە.
فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر لەماوەى مانەوەیان لە نێوان ڕێکەوتی (31/1/2026 تاوەکو 9/2/2026) لەناو کەمپەسی زانکۆی پالاجکی لە وڵاتی چیک بەشداری لە خولێکی ڕاهێنانی پێشکەوتوو لەسەر بنەماکانی “تەندروستی و سەلامەتی و ژینگە ” (Health Safety and Environment – HSE) دەکەن،
شاندەکە لە چوار فێرخوازی قۆناغی چوارەمی بەشە جیاوازەکان پێکهاتووە، کە بریتین لە: (هاجر محەمەد عەلی و محەمەد نەریمان سەلمان) لە بەشی چارەسەری سروشتی، (مروان عارەب عومەر) لە بەشی تەکنیکی وێنەگرتنی تیشکی لەگەڵ (عەلی ماهر داود) لە بەشی شیکاریی کیمیایی پزیشکی. ئەم فێرخوازانە لە ماوەی خولەکەدا ئاشنای نوێترین ستانداردە جیهانییەکانی پاراستنی تەندروستی و سەلامەتی و ژینگە دەبن لە کەرتی پزیشکیدا، کە ئەمەش دەبێتە هۆی بەهێزکردنی توانای پراکتیکییان و ئامادەکردنیان بۆ بازاڕی کاری نێودەوڵەتی، بەتایبەت لەو بوارانەی پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆیان بە سەلامەتی نەخۆش و ژینگەی کارەوە هەیە.
جێبەجێکردنی ئەم خولە ڕاهێنانە، لەبەر ڕۆشنایی خاڵەکانی ئەو ڕێککەوتنامە ستراتیژییەیە، کە لە کۆتایی ساڵی (2024) لە نێوان پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ، سەرۆکی زانکۆی جیهان-هەولێر و پڕۆفیسۆر دکتۆر مارتن بروکزاکا (MUDr. Martin Procházka) سەرۆکی زانکۆی پالاسکی واژۆ کراوە. ئەم دەرفەتە زانستییە ناوازەیە کە لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی ڕابردوو بۆ فێرخوازان ڕاگەیەندرا، دوای تێپەڕین بە پرۆسەی هەڵسەنگاندنی ئەکادیمیدا کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە.
ئەم هەنگاوە دووپاتکردنەوەی پەیامی زانکۆی جیهان-هەولێرە لە کردنەوەی دەروازە نێودەوڵەتییەکان بەڕووی فێرخوازان و، ڕەخساندنی دەرفەتی فێربوون لە زانکۆ باوەڕپێکراوەکانی ئەوروپا بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی زانستی و پیشەیی لە هەرێمی کوردستان.







