یەکەمین گروپی فێرخوازانی زانکۆی جیهان-هەولێر بۆ ساڵى خوێندنى ٢٠٢٥-٢٠٢٦ گەیشتنە زانکۆی وۆچ لە پۆڵەندا
لە درێژەی هەوڵە بەردەوامەکانی زانکۆی جیهان-هەولێر بۆ پەرەپێدانی هاوکارییە نێودەوڵەتییەکان و بەهێزکردنی ئاڵوگۆڕی زانستی و ڕاهێنانی ئەکادیمی، یەکەمین گروپى فێرخوازانی زانکۆى جیهان-هەولێر گەیشتنە پۆڵەندا. ئەم هەنگاوە بە مەبەستی تەواوکردنی کۆرسێکی خوێندن لە زانکۆی وۆچ (University of Lodz) دێت، کە بەشێکە لە یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی (MoU) واژۆکراوی نێوان هەردوو زانکۆ بۆ ساڵی خوێندنی (٢٠٢٥-٢٠٢٦).
ئەم گروپە لە چوار فێرخواز پێکدێت، کە بریتین لە (سيدرا نهاد اسحق، ريا امير عبّدالجبار، فهد فواد عبدالعزيز و أڤين رعد محمد) قۆناغى چوارەم لە بەشی کارگێڕى کار. دەستنیشانکردنی ئەم فێرخوازانە بە پشتبەستن بە پێوەرە ئەکادیمی و زانستییە دیاریکراوەکان بووە کە لە ڕێککەوتنامەی نێوان زانکۆی جیهان-هەولێر و زانکۆی وۆچدا جێگیر کراوە.
لە چەند ڕۆژى ڕابردوو، فێرخوازان لەلایەن پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابیر دەلۆ، سەرۆکی زانکۆی جیهان-هەولێر، لە دیدارێکدا کە بە ئامادەبوونی کەسوکاریان بەڕێوەچوو، سەرۆکی زانکۆ ئامۆژگاری و ڕاسپاردەی بەنرخی زانستی، ئەکادیمی، کۆمەڵایەتی و کەلتوری پێشکەش بە فێرخوازان کرد، بە مەبەستی ئامادەکردنیان بۆ ئەزموونێکی سەرکەوتوو لە پۆڵەندا.
لە ئێستادا، فێرخوازان بە سەلامەتی گەیشتوونەتە پۆڵەندا و چاوەڕوان دەکرێت لە چەند ڕۆژی داهاتوودا بەپێی پسپۆڕییەکەیان دەست بە کۆرسەکانی خوێندن بکەن. ئەم پرۆگرامە دەرفەتێکی گرنگ بۆ فێرخوازان دەڕەخسێنێت بۆ بەدەستهێنانی زانست و ئەزموونی نوێ لە ژینگەیەکی ئەکادیمی نێودەوڵەتیدا، هاوکات پەرە بە پەیوەندییە کەلتوری و زانستییەکان دەدات لەگەڵ وڵاتی پۆڵەندا.